ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان وتارێکی گرنگ پێشکەش دەکات

ئەمڕۆ 11مین لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی ئیمارات دەستپێدەکات
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتارێک لە لوتکەی حکومەتەکان لە دوبەی - ئیمارات پێشکەش دەکات (وێنە: حکومەتی هەرێمی کوردستان - 28-3-2022)
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتارێک لە لوتکەی حکومەتەکان لە دوبەی - ئیمارات پێشکەش دەکات (وێنە: حکومەتی هەرێمی کوردستان - 28-3-2022)

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە (12ی شوباتی 2024)، 11مین لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی ئیمارات دەستپێدەکات و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ، لە لوتکەکەدا وتارێکی گرنگ پێشکەش دەکات و باس لە دیدگای نوێ بۆ گەشەپێدان و ئابوورییەکانی ئاییندە دەکات.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان تاوەکو 14 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و بڕیارە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لوتکەکەدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان  و بیرمەندان و خاوەنکارانی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی هەبێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، دوێنێ گەیشتە ئیمارات.

لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان لە دووبەی  لەژێرناوی (نەخشاندنی داهاتووی حکومەتەکان) بەڕێوەدەچێت، تیایدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نزیکەی 25 سەرۆک، پادشا، ئەمیر و سەرۆک حکومەت بەشدارن، هەروەها نێردەی 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 300 وەزیر و 120 شاندی حکومیش ئامادەی لوتکەکە دەبن.

تەوەری سەرەکی لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان گفتوگۆکردنە دەربارەی داهاتووی ئابووریی جیهان، پیشەسازی، ژیری دەستکرد، سیستەمی بانکی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.