دوای نزیکەی 12 ساڵ ئەردۆغان سەردانی میسر دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا

K24 - هەولێر

دوای نزیکەی 12 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و قاهیرە، بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی میسر بکات و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکاتەوە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دوای سەردانەکەی بۆ ئیمارات و بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە میسر و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر لە سەر پەرەپێدان و چالاککردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرەو قاهیرە لە ئاستی باڵا گفتوگۆ دەکەن.

فەرمانگەکە ئاماژەیداوە، جیا لە پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر، ئەجێندای سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ قاهیرە ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکانە لەسەر پرسە هەنوکەییەکانی جیهانیی و هەرێمییەکان، بە تایبەتیش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

دوای کودەتا سەربازییەکەی میسر و لەدەسەڵات لادانی محەمەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسر لە ساڵی 2013، پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر تێکچوو، بەڵام چەند بەرپرسێکی باڵای تورکیا کۆتایی مانگی رابردوو ئاشکرایانکردبوو، کە رەجەب تەیب ئەردۆغا سەرۆکی تورکیا بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی شوبات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سەردانی میسر بکات.

هەروەها ساڵح موتڵو باڵیۆزی تورکیا لە قاهیرە رایگەیاندبوو، پرسی شەڕو دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە تەوەری سەرەکی دیدارەکەی لوتکەی تورکیا و میسر دەبێت.

سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵاتیش بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی تورک بڕوایانوایە، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ قاهیرە، ئاماژەیەکە بۆ رازی بوونی حکومەتی تورکیا بە پێدانی درۆنی جەنگی بەیرەقدارە بە میسر.