سکرتێری گشتی ناتۆ وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ
یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ

K24 - هەولێر

سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ئەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ "ئاسایشی ئێمە تێکدەدەن"، کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، رەنگە هانی رووسیا بدات هێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتانەی ناتۆ کە ئەرکە داراییەکانیان جێبەجێ ناکەن.

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە بەیاننامەیەکدا گوتی: هەر پێشنیارێک کە هاوپەیمانان لە بەرگریکردن لە یەکتر بەدوور بگرێت، ئەوە ئاسایشی هەموومان بە ئەمەریکاشەوە تێکدەدات و سەربازانی ئەمەریکی و ئەوروپی رووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە.

ترەمپ کاندیدی پارتی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، رۆژی شەممەی رابردوو هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر خولی سەرۆکایەتی بباتەوە، بەرگری لەو وڵاتانەی ناتۆ ناکات کە پشکی پێویست لە بودجەی خۆیان بۆ بەرگری تەرخان ناکەن ، گوتیشی: هانی رووسیا دەدات، بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەریان.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەردەوام هاوپەیمانانی ئەتڵەسی بە تاوانبار دەزانێت کە ئەرکەکانیان لە رووی خەرجییە سەربازییەکانەوە جێبەجێ نەکردووە.

ستۆڵتنبێرگ لە بەیاننامەکەدا جەختی لەوە کردەوە، کە "ناتۆ ئامادەیە و توانای بەرگریکردنی لە هاوپەیمانەکانی هەیە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر هێرشێک بۆ سەر ناتۆ وەڵامێکی یەکگرتوو و بەهێزی لێدەکەوێتەوە".

باسی لەوەشکرد، من پێم وایە ئەمەریکا وەک هاوپەیمانێکی بەهێز و پابەند لەناو ناتۆدا دەمێنێتەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا سەردەکەوێت.

کۆشکی سپی بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپی دایەوە و گوتەبێژەکەی "ئەندرۆ بیتس" ئێوارەی شەممە رایگەیاند، "هاندانی رژێمە تاوانبارەکان بۆ داگیرکردنی وڵاتانی هاوپەیمانەکانمان شتێکی ترسناک و شێتانەیە".