هێزەکانی ئێران لە سنووری بانە کۆڵبەرێکی گەنجیان کوشت

K24 - هەولێر

کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی سەیوان سەحیحی بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

رێکخراوی هەنگاو بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو، کۆڵبەرێکی گەنجی تەمەن 20 ساڵی دانیشتووی بانە بە ناوی سەیوان سەحیحی لە سنووری سارداوی شاری بانە بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

سەیوان سەحیحی خەڵکی گوندی بلەکە و بەهۆی خراپی باری گوزەران و بژێوییەوە کاری کۆڵبەری کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە، تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی هەنگاو لە ساڵی رابردوودا لانیکەم 22 کۆڵبەر لە سنوورەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستڕێژی هێزەکانی ئێران کوژراون و 116 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.