بێگەرد تاڵەبانی: لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان تاوتوێی زۆر بابەتی 'گرنگ و هەستیار' دەکرێت

K24 - هەولێر

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە ئەمڕۆ بەشدارن لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان بۆ تاوتوێی زۆر بابەتی گرنگ و هەستیار.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی شوباتی 2024، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان بە کوردستا24ـی راگەیاند، بەشداری لوتکەی جیهانی بۆ حکومەتەکان گرنگە کە لە زۆربەی زۆری وڵاتانەوە بەسەرۆکەکانیشەوە ئامادەن و بەشداری دەکەن، لەگەڵ بەشێکی زۆری وەزیر و گرووپە هونەرییەکانی ئەو وڵاتانە پەیوەستن بەو بابەتەی کە ئەمڕۆ لێرە نمایش دەکرێت و بەشدارن، هەمیش بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندییانەی کە پێویستە بۆ وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیش لە پێشکەشکردنی گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بڕیار وایە پێشکەشی بکات.

بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵ: "لێرە تاوتوێی زۆر بابەتی گرنگ و هەستیار دەکرێت، لە رووی ئابووری، سیاسی، پەیوەندییەکان، بەرەو پێشچوونی تەکنەلۆژیا و هەموو ئەو سێکتەرانەی کە پەیوەندیدارن بە گەشەی ئابووری. لەبەر ئەوە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەر بۆیە ئەمڕۆ ئێمە لێرە بەشدارین وەکو وەفدێکی فەرمی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. ئێستاش خەریکین بەشداری لەو پانێلانەی کە پێشکەش دەکرێت بکەین لە هۆڵە جیاوازەکانی ئەم لوتکەیە".

راشیگەیاند، ئێمە لەگەڵ گەیشتنمان بۆ ئێرە ئەو گرنگیدانەمان بینی بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن حکومەتی ئیماراتەوە کە لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەن کە ئەمڕۆ بەشدارن لەم لوتکەیە و هەم پێشوازی لێدەکەن و هەمیش گوتار داندراوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئێوارەی یەکشەممە 2/11/2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە دوبەی و لەلایەن خەلیفە شاهین مەرەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی حکومەت بە بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆک دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان دەکات کە لە ڕۆژانی  12-14 /2 لە شاری دوبەی بەڕێوەدەچێت و بڕیارە گوتارێکیش بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای جیهان پێشکەش بکات.