کەمال موسلیم: سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەردەگرین کە چۆن کەرتی پیشەسازیان پێشخستووە

کەمال موسلیم
کەمال موسلیم

K24 – هەولێر

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان سوود لە ئەزموونی ئەو وڵات و کەسانە وەردەگرین کە چۆن پیشەسازی وڵاتیان پێشخستووە.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە ئیمارات بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو پانێلەی ئێمە بەشداری تێدا دەکەین بەناونیشانی "دوارۆژی پیشەسازی و رۆلی حکومەت لە بەکارخستن و سوود وەرگرتن لە بەهرەو تواناکان".ـە

گوتیشی: لەو پانێلەدا چەندین کەس بەشداری دەکەن کە لە وڵاتە جیاجیاکانەوە هاتوون و شارەزایی و ئەزموونیان هەیە لە بواری پێشخستنی پیشەسازی، بۆیە ئێمەش هەم گوتارمان دەبێت و هەم سوود وەردەگرین لەو وڵاتانەی کە سوودیان لە پیشەسازی وەگرتووە و چۆن پێشیان خستووە، هەروەها چۆن ئەو کۆسپ و تەگەرانەی هاتووەتە پێشیان چۆن لایان بردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو لوتکەیە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەوکەسانە ببەستیت کە لەوڵاتانی جیاجیاوە هاتوون، بۆیە لەو سێ رۆژە لە خەڵکێکی زۆری وڵاتان چاوپێکەوتن و گفتوگۆ دەکەین، تاوەکو پەیوەندییەک دروستبکەین سوودیان لێوەرگرین بۆ هەرێمی کوردستان.

کەمال موسلیم باسی لەوەشکرد، پەیوەندی باش لەنێوان ئێمە و بازرگانانی دەرەوەی وڵات هەیە، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، ئێران و تورکیا و ئەوروپا.

ئێوارەی یەکشەممە 2/11/2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە دوبەی و لەلایەن خەلیفە شاهین مەرەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی حکومەت بە بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆک دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان دەکات کە لە ڕۆژانی  12-14 /2 لە شاری دوبەی بەڕێوەدەچێت و بڕیارە گوتارێکیش بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای جیهان پێشکەش بکات.