ئۆکرانیا: 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیامان خستە خوارەوە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، هێزەکانی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند، شەوی رابردوو روسیا بە 17 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر وڵاتەکەمان، بەڵام سیستەمی بەرگری ئاسمانی 14 فڕۆکەی خستووەتە خوارەوە لەگەڵ مووشەکێکی کروزی جۆری "KH-59".

هێزەکانی ئاسمانی ئۆکرانیا لە پلاتفۆڕمی تێلێگرام رایگەیاند، رووسیا بە مووشەکی دوورهاوێژ هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا بەڵام هیچ زیانێک و ئامانجێکی نەپێکاوە.

سینیهۆبۆڤ، پارێزگاری ناوچەی خارکێڤ رایگەیاند، درەنگانی ئێوارەی رۆژی یەک شەممە، رووسیا بە سیستەمی ئێس 300 لە ناوچەی بێلگرۆد هێرشی کردە سەر خارکێف.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی زانیارییەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنها هەندێک مووشەک بەر هەندێک باڵەخانە کەوتووە کە شوێنی نیشتەجێبوون نەبووە زیان بەر بیناکان کەوتووە.

لە شوباتی ساڵی 2022 رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکەکەی داگیرکرد، هەروەها بە دەیان هەزار کەس کوژراون و برینداربوون و چەندان ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون، تاوەکو ئێستاش شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامن.