قەرقاوی: خەرجیی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی جیهان لە ساڵێکدا 17 ترلیۆن دۆلارە

قەرقاوی: بە %6ی ئەو پارەیە برسێتی و نەخوێندەوەرانیی و چەندین کێشەی دیکە بنەبڕ دەکرێن
محەمەد قەرقاوی سەرۆکی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان - دوبەی 2024
محەمەد قەرقاوی سەرۆکی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان - دوبەی 2024

K24 - هەولێر

لە وتاری دەستپێکردنی چالاکییەکانی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی، محەمەد قەرقاوی وەزیری کاروباری حکومەتی ئیمارات و سەرۆکی لوتکەکە رایگەیاند، ئایندەی نەوەکانی داهاتوو پەیوەستە بەو بڕیارانەی حکومەتەکان لەم لوتکەیە دەیدەن.

راشیگەیاند، خەرجییەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی جیهان لە ساڵێکدا 17 ترلیۆن دۆلارە، لەکاتێکدا دەکرێت بە %6ی ئەو پارەیە برسێتی، نەبوونی ئاوی خواردنەوە و نەخوێندەواریی و چەندین کێشەی دیکە بنەبڕ بکرێن.

قەرقاوی لەو وتارەی پێشکەشی ئامادەبووانی کرد، گوتی: ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، بۆمان دەردەکەوێت، ئێمە لە باشترین و سەلامەتترین و پێشکەوتووترین و تەندروستترین سەردەمی مرۆڤایەتیدا دەژین، بۆیە پێویستە چاومان لەسەر داهاتوویەکی باشتربێت، کە بۆ نەوەکانی دوای خۆمانی بەجێدەهڵێن، بۆیە بژاردەکانی ئەمڕۆمان هۆکارێکن بۆ دروستکردنی داهاتوو.

راشیگەیاند، لوتکە ئەمجارەی حکومەتەکان ئەرکی گرنگیدانە بە هەوڵ و دەرفەتەکان بۆ ئەوەی ئاسۆی هەماهەنگییەکان فراوانتر بکرێن، چونکە داهاتووی جیهان بەندە بەو بڕیارانەی ئەمڕۆ حکومەتەکان دەیدەن، بۆ گۆڕینی ئاڵنگارییەکان بە دەرفەت و هەل.

محەمەد قەرقاوی سەرۆکی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان گوتشی: لێرە هەندێ ژمارە دەخەمەڕوو، 17 ترلیۆن دۆلار خەرجی شەڕ و ئاڵۆزییەکانە تەنیا لە یەک ساڵدا، شەڕەکانیش ئەنجامی رق لێبوونەوە و قەبوڵنەکردنی یەکترە، لەکاتێکدا تەنیا بە 6%ی ئەو پارەیە دەتوانین رووبەڕووی برسێتیی و نەخوێندواریی و دابینکردنی ئاوی پاک ببینەوە. بۆیە چی دەبێت ئەگەر ئەو پارەیەی بۆ شەڕ تەرخان دەکرێت، لەوەبەرهێنان وبنیاتناندا خەرجی بکەین.

راشیگەیاند، 50% گەشەی جیهانی لە چین و هیندستانەوە دێت و تەنیا چین لە ساڵی 2022 توانیویەتی 29 هەزار داهێنانی ژیری دەستکرد لە ئاستی جیهاندا بەدەست بێتنێت.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان بۆ ساڵی 2024، لە دوبەی ئیمارات بەڕێوەچێت و لە ئەمڕۆ دووشەممە (12 تا 14ی شوباتی 2024) بەردەوام دەبێت.

هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، ئێوارەی دوێنێ بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان گەیشتە ئیمارات و ئێوارەی ئەمڕۆکەش وتارێکی گرنگ پێشکەش دەکات و باسی دیدگای نوێ بۆ گەشەپێدان و ئابوورییەکانی ئاییندە دەکات.

جیا لە وتارەکەی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لوتکەکەدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان  و بیرمەندان و خاوەنکارانی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی دەبێت.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان ساڵانە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ بە دروشمی ئایندە بینی حکومەتەکان و بە بەشداری زیاتر لە 125 سەرکردە و سەرۆکی حکومەت و دامەزراوەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت.

ئەو لوتکەیە بەمیوانداری زیاتر لە 25 سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتەکان و زیاتر لە 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی، هەرێمی، دامەزراوەی جیهانی و 120 شاندی حکومی و سەرکردە و بیرمەندانی جیهانی بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی خستنەڕووی دیدگای فراوانە بۆ ئاراستە سەرەکییەکانی داهاتووی حکومەتەکانی جیهان.