لە زاخۆ بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژە دانرا

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

K24 - هەولێر

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری دانرا.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 12-02-2024، لەژێر چاودێریی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی جۆراجۆر لە سنووری ئەو دەڤەرە دانرا.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە گوتەکەیەدا ئاماژەی بەوە کرد، گوژمەی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە دوو ملیار و 489 ملیۆن و 513 دیناری عێراقییە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پڕۆژانە خزمەت بە هەموو هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەگەیەنن.

ئەو پڕۆژانەی بەردی بناغەیان بۆ دانراوە:

1. دروستکردن و فراوانکردنی شەقامی 15 مەتری و باخچەیەک لە کۆمەڵگەی بێرسیڤێ، لە ناحیەی دەرکارێ.

2. دروستکردن و نووژەنکردنەوەی رێگەی گوندەکانی (بۆسەلێ، مامیسا و نوردینا) بە درێژایی 12.5 کیلۆمەتر لە قەزای زاخۆ.

3. دروستکردنی رێگە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگەی هیزاوا، ناحیەی دەرکارێ و ژمارەیەک گوندی سەر بەو ناحیەیە.  

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، 08-02-2024، لە ژێر چاودێری گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ بە گوژمەی یەک ملیار و 986 ملیۆن و 285 هەزار دینار، بەردی بناغەی نووژەنکردنەوەی (کانیا دێرەبوونێ،  هۆڵی لالش، دێرا مارگورگیس) و دروستکردنی بازگەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانرا. بەشێک لەو پڕۆژانە دەکەونە سنووری ناحیەی رزگاری.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کاتی دانانی بەردی بناغەی ئەو پڕۆژانە رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵ و سێ مانگی رابردوودا کە زاخۆ بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی سەدان ملیار دینار پڕۆژەی جۆراوجۆری لە سنووری زاخۆ ئەنجام داوە و، بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.

لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا 3359 پڕۆژە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون؛ 1730 پڕۆژەیان لەسەر بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان بووە و 1629 پڕۆژەیان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان.