سەروەر هاواری: بەشداریی مەسرور بارزانی لە لوتکەی حکومەتەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گرنگە

لوتکەی جیهانی حکومەتەکان
لوتکەی جیهانی حکومەتەکان

K24 - هەولێر

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشداریکردن وگووتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوزارشت لەوە دەکات کە حکومەتی هەرێم نەک لەسەر ئاستی عێراق بەڵکو لەسەر نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش بایەخێکی گرنگی پێدراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی شوباتی 2024، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، بەشداری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان، لە ژێر دروشمی ئایندە بینی حکومەتەکان، بابەتێکی زۆر گرنگە لەسەر ئاستی جیهان.

بەگوتەی ئەو بریکارە: "بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بوونی گوتاری سەرۆکی حکومەت، لەگەڵ شاندێکی پڕۆفیشناڵ گوزارشت لەوە دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک لەسەر ئاستی عێراق بەڵکو لەسەر نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش بایەخێکی تایبەتی بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت".

سەروەر هاواری دەشڵێت: "دەکرێت لەم لوتکەیەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دیدگا و چیرۆکی سەرکەوتنی خۆیان کە تێیدا کاری کردووە و هەنگاوی باشی بۆ ناوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان باسبکات. هەروەها، وەبەرهێنان لەچەندین بواردا هەیە. وەبەرهێنان لە پارە، بیروبۆچوون، سیاسەتیش هەیە. بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەتیش لە لوتکەی جیهانی وڵاتان وەبەرهێنانێكی زۆر گرنگە لەسەر ئاستی جیهان بۆ سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

راشیگەیاند، ناساندنی دۆخی ئێستا و ئایندە و ستراتیژی هەرێمی کوردستان و پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووی جێۆپلەتیکی لە ناوچەکە و رۆژهەلاتی ناوەراست گرنگی خۆی هەیە، لەو لوتکەدا بە بەشداری 25 سەرۆکی حکومەت و دەوڵەتان لەگەڵ 85 رێکخراوی جیهانی و کۆبوونەوەی تایبەت بە بوارە جیاوازەکانی ئێستای جیهان بینی بۆ ئایندە بینی داهاتوو لە بواری ئابووری و سیاسەت لەوێ دروست دەبێت. شاندەی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن سوود لە ئەزموون و شارەزایی لەو چیرۆکانەی کە لەماوەی 12 بۆ 14 لەلوتکەی جیهانی بۆ حکومەتەکان باس دەکرێت سوود وەربگرن.

ئێوارەی یەکشەممە 2/11/2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە دوبەی و لەلایەن خەلیفە شاهین مەرەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی حکومەت بە بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆک دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان دەکات کە لە ڕۆژانی  12-14 /2 لە شاری دوبەی بەڕێوەدەچێت و بڕیارە گوتارێکیش بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای جیهان پێشکەش بکات.