تەندروستی جیهانی: ئەو پێداویستیە پزیشکیانەی گەیەندراونەتە غەززە 'دڵۆپێکە لەدەریایەک'

K24 - هەولێر

سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی تاوەکو ئێستا گەیەندراونەتە کەرتی غەززە، "دڵۆپێکە لە دەریایەک" لە ئاست پێویستییەکان.

تیدروس ئەدهانۆم گیبریسۆس، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە دوبەی گوتی: "داوادەکەین دەستبەجێ شەڕ لە غەززە رابگیرێت"، هەروەها داواش لە بزووتنەوەی حەماس دەکەین "هەموو بارمتەکان ئازاد بکات".

گوتیشی: ئەو هاوکارییە پزیشکییانەی تاوەکو ئێستا گەیەندراونەتە کەرتی غەززە، دڵۆپێکە لە دەریایەک لە ئاست پێویستییەکان.

سەرۆکی رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "کەرتی تەندروستی لە غەززە رووبەڕووی داڕمانی تەواوەتی دەبێتەوە". بۆیە داوای پاراستنی خەڵکی سڤیل دەکەین.

گیبریسۆس دوێنێ یەکشەممە هۆشداری دا لەوەی ئیسرائیل پلانی هەیە دانیشتووانی شاری رەفەح بگوازێتەوە و شارەکە چۆڵ بکات، بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی شۆککەر ئەنجام بدات.

روونیشی کردەوە، هەموو نەخۆشخانەکانی شاری رەفەح قەرەباڵغ بووە، هەروەها کارکردن لە زۆربەی نەخۆشخانەکانی کەرتەکە خەریکە دەوەستێت.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، هەزار و 200 کەس کوژران، لەبەرامبەردا ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر کەرتی غەززە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 28 هەزار کوژراون، زۆربەشیان ژن و منداڵن، هەروەها زیاتر لە 64 هەزار کەسیش برینداربوون.