دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر کوژرانی دوو هاووڵاتیی عەرەب لە سلێمانی هاتە دەنگ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ

K24 - هەولێر

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێمە وەک دەستە لە رێگەی نووسینگەی سلێمانی بەدواداچوونمان بۆ رووداوی کوژرانی دوو هاووڵاتییە بە رەگەز عەرەبەکە دەستپێکرد، هەرچەندە سەرەتا زانیاری ورد لەبەردەست نەبوو بەڵام لە ماوەی (24) کاتژمێری رابردوو بەدواداچون و چاودێری رووداوەکەمان کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی شوباتی 2024، لە راگەیەندراوێکدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی دوو کەسی بە رەگەز عەرەب لە شاری سلێمانی لە شەوی 10 لەسەر11/2/ 2024 لە دۆخێكی نادیار دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە رێگەی نووسینگەی سلێمانی بەدواداچوونی بۆ ئەم رووداوە دەستپێکرد، هەرچەندە سەرەتا زانیاری ورد لەبەردەست نەبوو بەڵام لە ماوەی (24) کاتژمێری رابردوو بەدواداچون و چاودێری رووداوەکەمان کردووە.

لەم بارەیەوە وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند كە لێكۆڵینەوەیان لە چۆنێتی راستی و دروستی رووداوەکە دەست پێكردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە. رووداوەکە بەم شێوەیە خرایەڕوو ،دوو كەسی بە رەگەز عەرەب لە سلێمانی بە فیشەک کوژراون کە تەمەنی هەردووکیان لە سەرووی (20) ساڵەوەیە یەكێكیان خەڵكی بەغدایە و ئەوەیتریان خەڵكی پارێزگای دیالەیە.

لە بارەی ئەودەنگۆیانەی سۆشیال میدیاوە کە دەگوترێ، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کردووە کە دۆسیەی رووداوەكە لە لێكۆڵینەوەدایە و لەلایەن پۆلیسەوە کاری لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و تاکو ئێستا هۆكاری تەواوەتی دیار نییە و کەسوکارییان سکاڵایان تۆمار کردووە، گوتیشی ئێستا تەرمەكانیان لە فەرمانگەی پزیشكی دادیی سلێمانییە.

دەستە راشیگەیاند، ئەم رووداوە تاوانی کوشتنە و رەگەزی پێشێلکاری تیادا نییە و بەپێی یاسا رێکارە پێویستەکان گیراوەتەبەر بۆ گەیشتن بە راستی هۆکاری رووداوەکە و سزادانی ئەنجامدەری تاوانەکە بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عیراقی.

هەروەها، ئێمە وەک دەستە "بەردەوام دەبین لەچاودێری کردن وبەدواداچونی ئەو کەیسەو گەیشتن بەقۆناغەکانی دادپەروەری لەپێناو سەروەری یاساو ڕادەست کردنی تۆمەتباران بەدادگا".

لەهەمان کات لەچوارچێوەی کارو ئەرکەکانی خۆمان بەڕێز گرتن لەقۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، داوا دەکەین هەرچی زووە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان داواکراوان بدۆزنەوەو رادەستی یاسایان بکەن.