چاودێرێکی سیاسی: بەشداریی مەسرور بارزانی لە لوتکەی حکومەتەکان بۆ دەستخستنی پشتگیری نێودەوڵەتی گرنگە

محەممەد عامر دێرشەوی، چاودێری سیاسی
محەممەد عامر دێرشەوی، چاودێری سیاسی

K24 - هەولێر

چاودێرێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەدات، بەشداریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە دوبەی، بۆ پەیداکردنی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12-02-2024، محەممەد عامر دێرشەوی، چاودێری سیاسی لەبارەی بەشداریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، لە وڵاتی ئیمارات میوانی کوردستان24 بوو.

بە گوتەی ئەو چاودێرەی سیاسییە، بەشداریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، گرنگە و کاریگەری دەبێت. گوتیشی، "لوتکەکە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی ئابووری و سیاسی لەنێوان وڵاتاندا و، رووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییە نێودەوڵەتییەکان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە".

 محەممەد عامر دێرشەوی گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رووبەڕووی چەندین قەیرانی ئابووری و سیاسی بووەتەوە. ئەو قەیرانانەی حکومەتی هەرێم رووبەڕوویان بووەتەوە و بەسەریاندا زاڵ بوو، پێشتر چەندین وڵاتیان وێرانکردووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بەسەریاندا زاڵبێت و لەسەر پێی خۆی بمێنێت".

بەشداریی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لەو لوتکەیەدا، وەکو ئەوەی دێرشەوی باسی کرد، "بۆ ناساندنی هەرێمی کوردستان بە جیهان و پەیداکردنی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و، لەوانەیە ئەم دەرفەتە هەموو کاتێک دووبارە نەبێتەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە، 12-02-2024، 11ـەمین لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی ئیمارات دەستیپێکرد. مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە لوتکەکەدا گوتارێکی گرنگ پێشکەش دەکات و باس لە دیدگای نوێ بۆ گەشەپێدان و ئابوورییەکانی ئاییندە دەکات.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان تاوەکو 14 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و بڕیارە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لوتکەکەدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان  و بیرمەندان و خاوەنکارانی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی هەبێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، دوێنێ گەیشتە ئیمارات.

لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان لە دوبەی  لەژێرناوی (ئاییندەی داهاتووی حکومەتەکان) بەڕێوەدەچێت، تیایدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نزیکەی 25 سەرۆک، پادشا، ئەمیر و سەرۆک حکومەت بەشدارن، هەروەها نێردەی 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 300 وەزیر و 120 شاندی حکومیش ئامادەی لوتکەکە دەبن.

تەوەری سەرەکی لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان گفتوگۆکردنە دەربارەی داهاتووی ئابووریی جیهان، پیشەسازی، ژیری دەستکرد، سیستەمی بانکی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.