ئاراس خۆشناو: بەشداربوونی سەرۆکی حکومەت گەواهیدەری ئەوەیە کە حکومەتی داهاتووشە

K24 - هەولێر

ئاراس خۆشناو، پسپۆڕی ئابووری رایگەیاند، بەشداربوونی سەرۆکی حکومەت بەو شێوازە گەواهیدەری ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی داهاتووشە.

د. ئاراس قادر خۆشناو، پسپۆڕی ئابووری، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەشداربوونی سەرۆکی حکومەت بەو شێوازە گەواهیدەری ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی داهاتووشە.

گوتیشی: باسەکە لەوە دەرچووە کە ئێمە باسی حکومەتی ئەلیکترۆنی بکەین، ئێستا حکومەتەکان بەرەو حکومەتی زیرەک و خزمەتگوزاری دەچێت. هەروەها هەرێمی کوردستانیش هەنگاوی لەو بارەوە ناوە، دەشڵێت: ئێستا باسی ئایندەی ئابووری جیهان دەکرێت، باسی "ئەی ئای" زیرەکی دەستکرد دەکرێت، هەروەها باسی ئایندەی پەروەردە و تەندروستی هاووڵاتیان دەکرێت.

خۆشناو باسی لەوەشکرد، دوبەی دەمێکە لە حکومەتی ئەلیکترۆنی تێپەڕیکردووە، ئێستا باسی حکومەتی زیرەک دەکرێت، چونکە حکومەتی زیرەک زۆر لەپێشترە لە حکومەتی ئەلیکترۆنی، بەلام ئەوەی ئێستا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆ کراوە وەک ژێر خانێکی بنەڕەتی دروست بووە، کە بەئەلیکترۆنیکردنی کارەکان و بەشێک لەوەزارەتەکان کە کارەکانییان بە ئەلیکترۆنی دەکەن، هەنگاوێکی زۆر باشە لەسەر رێگا دروستەکە، هەروەها ئێستا داهاتووی حکومەتەکان و کۆی رێکخراوەکان، لە ئەلیکترۆنی بوون بەرەو زیرەک بوون دەچێت.

پسپۆڕەکەی ئابووری جەختیکردەوە، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات هەیە، هەروەها سەرۆکی حکومەت زۆر باشیکردووە کە شاندێکی پەیوەندیداری لەگەڵ خۆی بردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش سوودمەند بن و دیدار ئەنجام بدەن.

ئێوارەی یەکشەممە 2/11/2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە دوبەی و لەلایەن خەلیفە شاهین مەرەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی حکومەت بە بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆک دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان دەکات کە لە ڕۆژانی  12-14 /2 لە شاری دوبەی بەڕێوەدەچێت و بڕیارە گوتارێکیش بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای جیهان پێشکەش بکات.