لە میترۆی نیویۆرک گەنجێک کوژراو پێنج کەسی دیکەش برینداربوون

برۆنیکس
برۆنیکس

K24 - هەولێر

لە ئەنجامی دەمەقاڵێ و شەڕی دوو کەس لە وێستگەیەکی میترۆی نیویۆرک کەسێک کوژراو و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی شوباتی 2024، مایکڵ کیمبەر ئەفسەری پۆلیسی نیویۆرک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەڕو تەقەکردنەی لە وێستگەی میترۆی (ماونت ئێدن ئەڤینۆ) لە ناوچەی برۆنیکس روویداوە گەنجێکی تەمەن 34 ساڵ کوژراوە و ئافرەتێک و مێردمنداڵێک و سێ پیاوی دیکەش برینداربوون کە تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 71 ساڵە.

بە گوتەی ئەو پۆلیسە رووداوەکە لە نێو میترۆ بووە، بەڵام دەستڕێژکردنێکی هەڕەمەکی نەبووە لە سەرنشینان، بەڵکو بەهۆی دەمەقاڵەی نێوان ژمارەیەک گەنج بووە کە یەکێکیان بە دەمانچەکەی تەقەی کردووە، هاوکات میترۆکە لە وێستگەکە بۆ سەرخستن و دابەزاندنی سەرنشینەکان وەستاوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، یەکێک بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، جگە لە یەکێکیان، چوار لە بریندارەکەی دیکە برینەکانیان سەختە، راشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.