فەلاح مستەفا: لە کۆبوونەوەکاندا ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە

K24- هەولێر

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەهەموو کۆبوونەوەکانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا، ئەو وڵاتە پشتیوانی خۆی بۆ کوردستان دووپاتکردەوە و جەختیان لەسەر دۆستایەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.

فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشتنتن، هەست دەکەین دۆستایەتی و پشتیوانییەکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، هەم لە وەزارەتی دەرەوە، لە وەزارەتی بەرگری و لە کۆشکی سپی، هەروەها لە کۆنگرێسش کۆبوونەوەیەکی باشمان ئەنجامدا.

ئەو راوێژکارە گوتیشی: "سەردانەکە دەرفەتێک بووە بۆ ئێمە بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەین، رەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ ئەو پرسانەی تاکو ئێستا چارەسەر نەکراون، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، و هاتنە پێشەوەی ئەو رەوشەی کە ئێستا هاتووەتە پێشەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەوانە کۆی ئەو بابەتانەبوون کە باسکرا. جگە لە بابەتی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە هەیە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەو رێکخستنە و یەکخستنەی هێزی پێشمەرگە و بەرنامەکانی دیکەی کونسوڵگەری و باڵیۆزخانە، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کۆمەڵێک پرسبوون کە لە دیدارەکەدا باسکراون".

فەلاح مستەفا گوتیشی: "لەهەموو کۆبوونەوەکاندا ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ کوردستان دووپاتکردەوە، جەختیان لەسەر دۆستایەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە".

راشیگەیاند، ئەو گفتوگۆیانەی لە کۆبوونەوەکەدا لە نێوان هەردوولا لەسەر رەوشی هەرێمی کوردستان باسکراون، قۆناغە سەختەکانی پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بوو، لەگەڵ پرسی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەم پرسانە و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا ئەو هەوڵانەی کە دیاری کراون بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە، لەگەڵ ئەو گفتوگۆیانەی کە هەیە لە نێوان عێراق و ئەمەریکا. هەروەها سەبارەت بە ئایندەی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا، لێکەوتەکانی شەڕی غەززە و ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر هەولێر کۆمەڵێک بابەت بوون پرس و رایان لەسەرکرا.