بۆرێل: راگرتنی هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئۆنروا مەترسیدارە

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا

K24 - هەولێر

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێ، لە کۆی 30 هەزار کارمەندی ئۆنروا تەنیا 12 کارمەند گومانی تێوەگلانیان لە هاوکاریکردنی حەماس لەسەرە، بۆیە نابێت ئەمە بکرێتە پاساوی راگرتنی هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئەو رێکخراوە، چونکە راگرتنی هاوکارییەکان قەیرانی مرۆیی لە غەززە قوڵتر دەکات.

دوای ئەوەی وەزیرانی گەشەپێدانی وڵاتانی ئەوروپا لە برۆکسڵ لە بارەی چارەنووسی هاوکاریی و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاژانسی ئۆنروا، لەگەڵ فلیب لازارینی رێکخەری گشتی ئاژانسی ئۆنروا کۆبوونەوە. جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، راگرتنی هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئۆنروا نەگونجاو و مەترسیدارە.

بۆرێل گوتیشی: رێکاری توند لەلایەن کۆمسیاری باڵا و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە دەنگۆکانی ئیسرائیل بۆ هاوکاریکردنی حەماس لەلایەن ئۆنرواوە گیراوەتەبەر، دەرکەوتووە لە کۆی 30 هەزار کارمەندی ئاژانسەکە، تەنیا 12 کارمەند گومانی تێوەگلانی هاوکاریکردنی حەماسیان لەسەرە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا راشیگەیاند، راگرتنی هاوکارییەکان بۆ ئۆنروا مانای بڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکانە لە چەندین ملیۆن کەس، ئەمەش قەیرانێکی دیکەی مرۆیی گەورە لە غەززە دروست دەکات.

جۆزێپ بۆرێل گوتی: ئۆنروا تەنیا کاتێک دەتوانێت کۆتایی بەکارەکانی بهێنێت، کە فەڵەستینییەکان خاوەنی دەوڵەتی خۆیان بن و چیتر ئاوارە نەبن.

گەورە وڵاتانی پشتیوانکاری ئۆنروا:

ئەمەریکا

343.9 ملیۆن دۆلار

ئەڵمانیا

202.1 ملیۆن دۆلار

رێکخراوی یەکێتی ئەوروپا

114.2 ملیۆن دۆلار

سوید

61 ملیۆن دۆلار

نەوریج

34.2 ملیۆن دۆلار

کۆتاییەکانی مانگی رابردوو، ئیسرائیل چەند بەڵگەو زانیارییەکی لە سەر تێوەگلانی کارمەندانی ئاژانسی ئۆنروا بە هاوکاریکردنی چەکدارانی حەماس تۆمەتبارکرد، گوایە بەشێک لە کارمەندانی ئاژانسەکە لە هێرشەکانی (7ی ئۆکتۆبەری 2023)ی سەر ئیسرائیل هاوکاری حەماسیان کردووە، بەم هۆیەوە بەشێک لە وڵاتە سەرەکییەکان پشتیوانییە دارایی و مرۆییەکانیان بۆ ئاژانسەکە راگرت، بەم هۆیەوە هەر یەک لە ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فینلەند، سوید پێدانی هاوکارییەکانیان هەڵپەسارد، هەروەها پۆرتوگال و ئیسپانیان داوای بەڵێن و گەرەنتی لە ئاژانسەکە دەکەن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵکی سڤیلی فەڵەستینی، بەڵام بەلجیکا و ئیرلەندا بڕیاریانداوە بەم نزیکانە هاوکارییەکان بۆ ئۆنروا بگەڕێننەوە.

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری پەنابەرانی فەڵەستنی ناسراو بە ئۆنروا لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین لە ساڵی 1948 دامەزراوە، ئەرکی هاوکاریکردنی فەڵەستینەکانە لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین، کەرتی غەززە، ئوردن، سووریا و لوبنان لە کەرتی پەروەردەیی و تەندروستی.