ئەنجومەنی پیران دەنگی بە پاکێجێکی هاوکاریی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل و تایوان دا

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا دەنگی بە پاکێجێکی هاوکاریی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل و تایوان، بەبڕی 95.34 ملیار دۆلار دا، ئەمەش لە دەنگدانێکی رێکارانەدا کە یاساکە هەنگاوێک نزیکتر دەکاتەوە لە پەسەندکردنی.

ئەم پڕۆژەیە 66 سیناتۆر پالپشتیان کردووە، لەبەرامبەردا 33 سیناتۆریش دژی وەستانەوە، بەم شێوەیە دوای چەند رۆژێک لە مشتومڕ، دواجار ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، کۆتا بەربەستی رێکارەکانی تێپەڕاند و بڕیارە سبەی چوارشەممە دەنگدانی کۆتایی لەسەر پاکێجەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت.

لای خۆیەوە مایک جۆنسن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا رۆژی دووشەممەی رابردوو لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە پارتی کۆمارییەکان تێیدا باڵادەستن، لێکۆڵینەوە لە پڕۆژە یاسای هاوکارییەکانی پێشوو ناکات، گوتیشی: هۆکاری رەتکردنەوەی ئەو پڕۆژە یاسایە لە ئێستادا، لەبەر ئەوەیە کە کۆمارییەکان داواکارییان هەیە سەبارەت بە توندکردنەوەی رێکارەکان لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکەی و مەکسیک بۆ وەستاندنی هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئەمەریکا.

جۆنسن بە ئاماژەدان بە قەیرانی کۆچبەران گوتی: پڕۆژە یاسای یارمەتییە دەرەکییەکانی ئەنجومەنی پیران بێدەنگە بەرامبەر بە زەقترین کێشە کە رووبەڕووی وڵاتەکەمان دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە نەبوونی هیچ هەموارکردنەوەیەک لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە بۆ ئەم دەقە ئەنجومەنی نوێنەران بەردەوام دەبێت لە مامەڵەکردن بەپێی ویستی خۆی لەسەر ئەم پرسە گرنگانە".

ئەم پاکێجە کە بڕیارە گەورەترین بەشی هاوکارییەکە کە نزیکەی 60 ملیار دۆلارە بچێتە ئۆکرانیا، ماوەی چەند مانگێکە بووەتە بابەتی گفتوگۆی کۆنگرێس و بابەتی ناکۆکییەکانی نێوان ئیدارەی جۆو بایدن و کۆمارییەکان.