رێژەی توندوتیژی و کوشتن لە تورکیا و باکووری کوردستان زیادیکردووە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

حاڵەتەکانی توندوتیژی و کوشتن لە تورکیا و باکووری کوردستان زیادیانکردووە و هاووڵاتییانیش هۆکاری سەرەکی توندوتیژییەکان بۆ توڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوبوونەوەی ئەو فیلمانەی کاریگەری خراپ لە سەر پەروردەی منداڵەکانیان هەیە، دەگەڕێننەوە.

رێژەی توندوتیژی و کوشتن لە تورکیا و باکووری کوردستان زیادیکردووە. بەگوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی رابردوودا سێ هەزار و 984 حاڵەتی توندوتیژی و کوشتن بە چەک لە تورکیا روویانداوە.

 هاووڵاتییانی تورکیا زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی و کوشتن، بۆ ئاڵوودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سیناریۆی فیلمەکان دەگەڕێننەوە، کە "کاریگەری خراپیان بۆ سەر دەروون و هەڵسوکەوتی تاکەکانی کۆمەڵگە" هەبووە.

رەجەب یوزگات، هاووڵاتیی تورکیایە و دەڵێت، "هۆکاری سەرەکی توندوتیژیەکان، تەلەڤزیۆن و فیلم و بەکارهێنانی تیک تۆکە. بۆ نموونە من ئەکاونتی تیک تۆکم هەیە ژنێکیش لایکی من دەکات و دواتر قسە دەکەین. لێرەوە ژیان تێک دەچێت. بڕۆ سەیری دادگاکان بکە من ناسراوی خۆم هەیە تەمەنی 60 ساڵە خەریکە لە هاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە. سەدا 90ی کێشە و توندوتیژییەکان هۆکارەکەی توڕە کۆمەڵایەتییەکانن".

هاووڵاتیی عەلی یەشار پیرموغلۆش ئاماژە بەوە دەدات، "کاتێک سەیری تەلەڤزیۆن دەکەم، تووشی قەلەقی دەبم هەر کەسەو دەمانچەیەکی بەدەستەوەیە. منداڵان سەیری زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان دەکەن وهەر کەس بۆ خۆی بووە بە مافیایەک. لە فیلمەکاندا هەموویان توڕەن و هەر کەس هەڵدەستێت ئەوەی دیکە دەکوژێت. تەلەڤزیونەکان دیارە دەیانەوێت وابێت بۆیە ئەمە بەرهەمەکانیانە".

زیادبوونی رێژەی بێکاری و بێهیوا بوون لە داهاتوو، هەروەها قەیرانی ئابووری راستەوخۆ کاریگەری هەیە بۆ سەر کۆمەڵگا بە گشتی و بەتایبەتێش گەنجەکان. جگە لە ئاڵوودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایتیەکان هاوکات بە کارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانیش هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر کۆمەڵگە، کە دەبێتە هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەی خێزان و توندوتیژی و تێکچوونی دەروونی تاکەکان و دواجاریش کوشتنی لێدەکەوێتەوە.

پرۆفیسۆر د. عەبدوڵڵا ئاتلی، پزیشکی دەروونی ئەوە دەخاتەڕوو، "بەپێی ئامارەکانی ناوەندی یاسا و پارێزەرانی تورکیا، 14%ی ئەو تاوانانەی لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجام دەدرێن لە رێگەی بە کارهێنانی چەکەوەیە. لە ماوەی 6 ساڵی رابردوودا ئەو تاوانانەی بە چەک ئەنجام دراون نزیکەی سەدا 70 زیادیکردووە".