محەممەد شوکری: لە لوتکەی حکومەتەکان 200 دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەرەخسێنین

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایدەگەیەنێت، لە پەراوێزی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی، زیاتر لە 200 دەرفەتی وەبەرهێنان لە بوارە جیازەکاندا بۆ وەبەر‌هێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەرەخسێنن. 

د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەشداریی شاندی حکومەتی هەرێم لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی؛ بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئیماراتی راگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ چەند ئامانجێک بەشداریی لە لوتکەی جیهانیی حکومەکەتان کردووە، لەنێویشیاندا بۆ ئەوەی دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان برەخسێنێت.

بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، "لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی زۆر گرنگە. لە پەراوێزی لوتکەکەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان دەبێت. لەگەڵ سەرۆکی ئیماراتیش کە ئێمە بە دۆست و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانی دەزانین، کۆبوونەوەی گرنگی هەبووە".

وڵاتی ئیمارات، وەکو ئەوەی د. محەممەد شوکری باسی کرد، وەبەرهێنانی زۆری لە هەرێمی کوردستان کردووە و چاویان لەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا رێژەی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئیماراتییەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت.

د. محەممەد شوکری ئاماژەی بەوەش کرد، وەکو دەستەی وەبەرهێنان، لە پەراوێزی لوتکەکەدا، زیاتر لە 200 دەرفەتی وەبەرهێنان لە بوارە جیازەکانی وەکو پیشەسازی، کشتوکاڵ، پیشەسازی کانزا و چەند بواری دیکە بۆ وەبەرهێنەران دەرەخسێنن. گوتیشی، "توانای دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان زۆرە".

بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، تەنها لە ساڵی 2023، 154 پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتییان لە وەبەرهێنان وەرگرتووە کە سەرمایەکەیان چوار ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە و، هەموو شار و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

لوتکەی جیهانیی حکومەکەتان لە دووبەی دوێنێ دووشەممە، 12-02-2024، بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و 25 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و نێردەی 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 300 وەزیر و 120 شاندی حکومی دەستیپێکرد و، تا سبەی چوارشەممە، 14-02-2024 بەردەوام دەبێت.

لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان لە دوبەی  لەژێرناوی (ئاییندەی داهاتووی حکومەتەکان) بەڕێوەدەچێت. تەوەری سەرەکی لوتکەکە گفتوگۆکردنە دەربارەی داهاتووی ئابووریی جیهان، پیشەسازی، ژیری دەستکرد، سیستەمی بانکی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.