رێبوار بابکەیی: سەرۆکی حکومەت داوای خەڵکی هەرێمی کوردستانی گەیاندە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

K24 - هەولێر

پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، بەشداری کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای ئیمارات مانای وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە حکومەتەکانی جیهان.

د. رێبوار بابکەیی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، گرنگی ئەم لوتکەیە لەوە سەرچاوەی گرتووە کە حکومەتەکانی جیهانی بانگردووە، هەروەها بەشداری کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای ئیمارات مانای وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە حکومەتەکانی جیهان.

گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی رۆڵ و پێگەی خۆی هەیە، هەروەها ئەدای کابینەی نۆیەم ئەدایەکی کارایە، وە حکومەتی هەرێمی کوردستان خواستی ئەوەی هەیە هەرچی ئەو پێشڤەچوونانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە، لە هەرێمی کوردستانیش بەرپای بکەن.

بابکەیی ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سیستەمی جیهانی، بۆیە پەیامی سەرۆکوەزیران پەیامێکی زۆر روون بوو، هەروەها داواکاری خەڵكی هەرێمی کوردستان لەسەر زاری سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی گەیەندرایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لوتکەکە، چونکە ئەو لوتکەیە سەرکردە جیهانییەکانیش تییدا بەشداربوون.

راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەیەوێت بەو ئاراستەیە کار بکات، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەسەر ئاستی جیهان روو ئەدات ئەویش خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، دەشڵێت: ناکرێت حکومەتی هەرێمی کورستان بەهۆی سیاسەتی هەندێک وڵاتانی دەورووبەر و سیاسەتی شۆفینی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق داببڕێت. هەروەها پەیامی سەرۆکی حکومەت تەحەدییەکی روون بوو بۆ ئەو سیاسەتانەی کە لەناوچەکە و عێراق هەیە.