رەنگدانەوەی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە میدیا عەرەبی و جیهانییەکان
K24 - هەولێر
گوتارەکەی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، بە تیشک خستنە سەر کێشە و ئاڵنگارییە سیاسی، ئابووری، ئەمنی و ژینگەییەکانی ناوچەکە و جیهان، دەنگدانەوە و کاردانەوەی فراوانی میدیا عەرەبی و جیهانییەکانی لێکەوتەوە، بەتایبەت لەو پەیامەی ئاراستەی جیهان بە گشتیی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کرد، کە هەرێمی کوردستان هەرگیز نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ کەسێک و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیرییە.
رۆژنامەی ئیمارات (وام) ئۆرگانی فەرمی حکومەتی ئیمارات هەواڵی پێشوازی لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتی بڵاوکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە میانەی دیداری نێوانیاندا لە کۆشکی شانشینی ئەبوزەبی، جەخت لە سەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، گەشەپێدان و مرۆیی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان کرایەوە، کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوولایەن بکات.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئیمارات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لەگەڵ دانانی ناوەڕۆکی گوتارەکەی مەسرور بارزانی سەرکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پۆستەرێکدا بە دانانی چەند پەیام و رستەیەکی وتەکانی سەرۆکوەزیران سەرنجی خوێنەر و بینەرانی بۆ ناوەڕۆکی گوتارەکە راکێشاوە، لەوانە:
"ئیمارات بووەتە کۆکەرەوەی سەرکردەکانی خاوەن فیکر و بڕیار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە مرۆییەکان لە رێگەی لوتکەی جیهانی حکومەتەکان"
"جەنگ و قەیرانەکان تاکە سەرچاوەی نەبوونی سەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
"پێویستە سەرجەم حکومەتەکان لە توندوتیژییەکانی رابردووەوە فێرببن داهاتووێکی تەواو سەقامیگیر و گەشاوە بۆ گەلەکانیان بنیاد بنێن"
"گۆڕانی کەشوهەوا یەکێكە لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی کە رووبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە، بەڵام ئیمارات لە رێگەی COP28 سەرکەوتوو بوو لە چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
هەروەها ماڵپەڕی رۆژنامەی ئەلبەیانی ئیماراتی راپۆرتێکی لە سەر گوتارەکەی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانی "سەرۆکوەزیرانی کوردستانی عێراق: چوار کۆڵەکەی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی پەرەپێدانێکی گشتگیر.
لە ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی رۆژنامەی ئەلبەیانی ئیماراتیدا هاتووە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا، کە لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان پێشکەشی کرد جەختی لە سەر (سەقامگیری سیاسی، ئاسایش، بوژانەوەی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا) وەک چوار بنەمای سەرەکی کردووەتەوە بۆ بە دیهێنانی پەرەپێدانێکی گشتگیر و بەردەوام.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەم بەشەی گوتارەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران دراوە "تێكۆشانی 20 ساڵی رابردوو و بهرگریی و قارەمانێتی چهندین دهیهی كورد، بووە رێگهخۆشكهر بۆ ئهو سهركهوتنه، ئێمه وهك گهلێك، مافی ئهوهمان ههیه خاوهن سهروهری بین و بهشێكی دانهبڕاو بین له رۆژههڵاتی ناوهڕاست."
هەروەها رۆژنامەی "عەرەب نیوز"ـی سعوودی کە بە زمانی ئینگلیزی دەردەچێت، لە مانشێتی سەرەکیدا بە نووسینی گوتەیەکی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی بە ناونیشانی "مەسرور بارزانی: کوردەکان، وەک فەڵەستینییەکان، مافی دیاریکردنی چارەنووسیان هەیە"، بڵاوکردووەتەوە و لە ناوەڕۆکی راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەم بەشەی وتارەکەی سەرۆکوەزیران کردووە "ئهگهر بهر له 80 ساڵ، مامهڵه لهگهڵ مافه بنچینهییهكانی فهڵهستینییهكان بكرابایه، ئهوكات دهرفهتی روودانی ئهو نههامهتییانهی کەمتر دەبوو کە ئێستا دهیانبینین. بهڵام لهجیاتی ئهمه، پرسهكه پشتگوێ خرا و ئاڵۆزتر بوو، له كاتێكدا خاوهن بهرژهوهندییهكان، بۆشایی چارەسەرنەکردنی کێشەکەیان وهك دهرفهت بۆ ئهجێندای خۆیان بهكارهێنا.
دهكرێت ههمان پێناسه بۆ گهلی كوردیش بكرێت، ئێمهش داوایهكی رهوامان ههیه بۆ بڕیاردان له مافی چارهنووسی خۆمان، دۆست و هاوپهیمانهكانمان دانیان بهو مافهدا ناوه، بهڵام له ههمانكاتدا پێمان دهڵێن، پێویستە سیاسییهكان، رێگربن لهبهردهم بەدیهێنانی دادپهروهری مێژووییدا".
هەروەها رۆژنامەی "خەلیج" چاپی ئیماراتی راپۆرتێکی تایبەتی لە سەر گوتارەکەی مەسرور بارزانی بڵاوکردووەتەوە بەناونیشانی "بارزانی: سەقامگیری سیاسی و ئەمنی پاڵپشتە بۆ پەرەپێدان".
رۆژنامەکە لە ناوەڕۆکەکەیدا ئاماژەی بە گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانداوە، کە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان پێشکەشیکرد.
دوێنێ دووشەممە (12ی شوباتی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، گوتارێکی گرنگی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گۆڕانکاریی و پرسە هەنووکەییەکانی ناوچەکە و جیهان.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە گەلی کوردستان داوایەکی رەوای هەیە بۆ دەستنیشانکردنی مافی چارەنووسی خۆی و پێویستە رێز لە مافە رەواکانی بگیرێت.