پرۆگرامی خوێندن بۆ تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دیاری کرا

K24 - هەولێر

پرۆگرامی خوێندن بۆ تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی بۆ خولی یەکەم و دووەم ساڵی 2023-2024 دیاری دەکرێت.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوسراوێکی ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گشتییەکانی پەروەردەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، زاخۆ، راپەڕین کردووە.

لە نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە خشتەی پرۆگرامی خوێندنی ئەو بابەتانەی بۆ ناردوون، کە تاقیکردنەوەی پۆلی نۆی بنەڕەتی بۆ خولی یەکەم و دووەم ساڵی 2023-2024ـی تێدا ئەنجام دەدرێت.  

پیشووتر بەهۆی بایکۆتکردنی مامۆستایان پرۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی و دەڤەری راپەڕین ماوەیەکی زۆر دواکەوت، بەڵام لەم دواییانەدا جارێکی دیکە دەرگای قوتابخانەکان بەرووی قوتابیان و خوێندکاراندا کرایەوە و بایکۆت شکێندرا،

لەو بارەوە لە ساڵنامەی نوێی خوێندنی سلێمانی دا هاتووە، کە دەوامی فەرمی ناوەندەکانی خوێندنی وەرزی یەکەم لە 9/1/2024 دەستیپێکردووەتەوە تاوەکو 4/3/2024. هەروەها لە 9/3/2024 خوێندن دەستپێدەکاتەوە تاوەکو 19/3/2024 کە دواتر تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەمی خویندن دەستپێدەکات.

دەستپێکی دەوامی وەرزی دووەمیش لە 24/3/2024 دەستپێدەکات تاوەکو 16/5/2024، هەروەها لە 19/5/2024 دەستپێدەکاتەوە تاوەکو 30/5/2024 دواتر تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەم دەستپێدەکات.