چاودێرێکی سیاسی: گوتارەکەی مەسرور بارزانی لە لوتکەی حکومەتەکان 'کوردستانی بوو'

ئیبراهیم سمۆ، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی
ئیبراهیم سمۆ، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی

K24 - هەولێر

چاودێرێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەدات، گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان، گوتارێکی کوردستانی بوو بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13-02-2024، ئیبراهیم سمۆ، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی لەبارەی بەشداری شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەشدارییەکەیان لە ئەنجامی حوکمرانی باشی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

ئامانجێکی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی، وەکو ئەوەی ئەو چاودێرە سیاسییە باسی دەکات، "دەستخستنی پاڵپشتی نێودەوڵەتییە بۆ عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هێرشە مووشەکییەکان".

ئیبراهیم سمۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "گوتارەکەی سەرۆکوەزیران، گوتارێکی کوردستانی بوو بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان. زۆر گرنگە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بزانن گەلی کورد چۆن بیردەکاتەوە، بەتایبەت بۆ سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە".

لوتکەی جیهانیی حکومەکەتان لە دووبەی دوێنێ دووشەممە، 12-02-2024، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و 25 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و نێردەی 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 300 وەزیر و 120 شاندی حکومی دەستیپێکرد و، تا سبەی چوارشەممە، 14-02-2024 بەردەوام دەبێت.

لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان لە دوبەی  لەژێرناوی (ئاییندەی داهاتووی حکومەتەکان) بەڕێوەدەچێت. تەوەری سەرەکی لوتکەکە گفتوگۆکردنە دەربارەی داهاتووی ئابووریی جیهان، پیشەسازی، ژیری دەستکرد، سیستەمی بانکی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان گوتارێکی گرنگی پێشکەشکرد و هاوشانی سەرکردە جیهانییەکان و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیشکی خستەسەر کێشە و ئاڵنگارییە سیاسیی، ئابووریی، ئەمنی و ژینگەییەکانی ناوچەکە و جیهان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشکەشکردنی وتارەکەی لە لوتکەیەکی جیهانی و لەسەر سەکۆیەک لەبەردەم سەرکردە و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کە زوومی کامێرای راگەیاندنە جیهانییەکانیش بە گرنگییەوە رووماڵی ئەو رووداوە گرنگە دەکەن کە وڵاتی ئیمارات لەخۆی گرتووە، باسی ماف و داوای رەوای گەلی کورد و مەترسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پاراستنی ئەو دەستکەوت و پێشکەوتنە ئابوورییانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان بەدەستیهێناوە کرد.