هۆشیار سیوەیلی: هەرێمی کوردستان لە ئاست پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان توانیویەتی رۆلێکی کارا بگێڕێت

هۆشیار سیوەیلی
هۆشیار سیوەیلی

K24 – هەولێر

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێزی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێزی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە، بە ئاماژەدان بە بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە دوبەی.

سیوەیلی گوتیشی: هەرێمی کوردستان لە زۆربەی بۆنە نێودەوڵەتییەکان ئامادەییەکی کارای هەیە، ئەمەش ئاماژەیە کە هەرێمی کوردستان لە ئاست پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان توانیویەتی رۆلێکی کارا بگێڕێت، ئەمەش پلاتفۆڕمێکی گرنگە کە سەرکردەکانی جیهان و ئەو ناوچەیە کۆدەبنەوە و باسی کێشە گرنگ و گەورەکانی جیهان دەکەن، هەروەها سێ تا چوار کۆنفڕانسی گرنگتر ساڵانە لە جیهان دەکرێت، کە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم ئامادەیی تەواویان هەیە.

باسی لەوەشکرد، کۆنفرانسی ئابووری داڤۆس و کۆڕبەندی میونشن کە گرنگی بە ئاسایشی جیهانی ئەدا، هەرێمی کوردستان تێیدا بەشداربووە، هەروەها لوتکەی جیهانی حکومەتەکان کە ئێستا سەرۆکی حکومەت تێیدا بەشدارە، هەمان گرنگی و تویبەتمەندی خۆی هەیە. ئەمەش مانای وایە هەرێمی کوردستان توانییەتی پێگەیەکی بەهێز بۆخۆی دابین بکات.

راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان خاوەن ئەزمەنێکی تایبەتی خۆیەتی، هەروەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدا و باسی سەقامگیری ئاسایشی کرد. هەروەها چوار پایەی سەرەکی باس کرد کە گرنگن بۆ دابینکردنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاشتی جیهانی، کە سەقامگیری سیاسی و ئاسایش و ئابووری و کەشوهەوا.