ئەردۆغان: بازنەیەکی ئاگر دەوری تورکیایداوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا

K24 - هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە لوتکەی جهیانیی حکومەتەکان لە دوبەی ئیمارات لە گوتارێکدا رایگەیاند، شەڕو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وەک ئەوە وایە بازنەیەکی ئاگر دەورەی تورکیای دابێت، بەڵام لە دوو دەیەی رابردوودا توانیوایانە بە سەر چەندی ئاڵنگاریدا سەر بکەون و تورکیایەی بەهێز بنیاد بنێن.

رەجەب تەیب ئەوردۆغان لە دووم رۆژی لوتکەکە وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و گوتی؛ هەوڵی بنیادنانەوەی تورکیایەکی نوێ دەدەین و تاوەکوو ئێستا لە هەوڵەکانی بەدیهێنانی بەها راستەقینەکان توانیومانە چەندین سەرکەوتن مسۆگەر بکەین، ئەمەشمان پیشانی جیهانداوە، لە ماوەی 21 ساڵی رابردووی ئیدارەدانی تورکیا، توانیومانە چیرۆکی سەرکەوتن لە هەموو سێکتەرەکاندا بنووسینەوە و حەوت هێندە پەرە بە تواناکانی تورکیا بدەین.

ئەردۆغان راشیگەیاند، بەراورد بە 20 ساڵی رابردوودا ئێستا تورکیا خاوەنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە و تواناکانیشی لە فراوانبوونە، هەروەها رۆڵێکی کاریگەرو بەهێزی لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان هەیە و لە ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی چەندین سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، گوتیشی: لە ئاستی بەرگریی و سەربازییەوە توانیومانە هێزێکی باش و تۆکمە بۆ تورکیا دروست بکەین و ببێتە جێگەی سەرنجی وڵاتان، ئەمەش دەستکەوتێکی مەزنە تورکیایەکی بەهێز.

دەربارەی دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە تورکیا، ئەردۆغان رایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە لە ناوچەکە و دەوروبەری تورکیا شەڕو ئاڵۆزیی بەردەوامە و وەک ئەوەیە بازنەیەکی ئاگر دەورەی تورکیای دابێت، بەهۆی شەڕو ئاڵۆزییەکانەوە خەڵکێکی زۆر لە وڵاتانەوە پەنایان هێناوە و زیاتر لە چوار ملیۆن پەنابەر لە تورکیا داڵدەدراون، کە زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزاریان هاووڵاتیی سووریان، ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی کردووەتە سەر ئابووری تورکیا، بەڵام بە تێپەڕاندنی ئاڵگارییەکان توانیومانە پێشکەوتنێکی باش تۆمار بکەین.

لەبارەی کارەساتەکانی بوومەلەرزەکانی ساڵی رابردووش، سەرۆکی تورکیا گوتی: شەشی شوباتی ساڵی رابردوو رووبەڕووی کارەساتێکی گەورەی سروشتی بووینەوە، بەهۆی لە 11 پارێزگا زیاتر لە 14 ملیۆن هاووڵاتیی بەهۆی وێرانکاریی و کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە و زیاتر لە 53 هەزار هاووڵاتیی گیانیان لەدەستدا، بەڵام دوای ساڵێک تێپەڕبوون بە سەر کارەساتەکە، جیا لە راماڵێنی تەواوی پاشماوەی کارەساتەکان، توانیومانە شوێنی حەوانەوە بۆ زیاتر لە 31 هەزار خانەوادە دروست بکەینەوە، سوپاسی تەواوی ئەو وڵاتانەش دەکەم کە هاوکاری تورکیایان کرد.

لوتکەی جیهانی حکومەتەکان بۆ ساڵی 2024 لە دوبەی ئیمارات بەڕێوەدەچێت و ئەمڕۆ دووەم رۆژی لوتکەیە و سبەی چوارشەممەش بەردەوام دەبیت.