سەرۆکوەزیران و ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوە

K24 – هەولیر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لە دوبەی کۆبوونەوە و، بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 13-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی کۆمکاری عەرەبی و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

ئاماژە بەوەش کراوە، "سەرۆکی حکومەت سوپاسی هەڵوێستی کۆمکاری عەرەبی کرد لە سەرکۆنەکردنی هێرشی موشەکیى ئەم دواییە بۆ سەر هەولێر. ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبیش، ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد و سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ پێگەی گرنگ و خەبات و تێکۆشانی سەرۆک بارزانی دەربڕی".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کرا.

لوتکەی جیهانیی حکومەکەتان لە دووبەی دوێنێ دووشەممە، 12-02-2024، بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و 25 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و نێردەی 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 300 وەزیر و 120 شاندی حکومی دەستیپێکرد و، تا سبەی چوارشەممە، 14-02-2024 بەردەوام دەبێت.

لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان لە دوبەی  لەژێرناوی (ئاییندەی داهاتووی حکومەتەکان) بەڕێوەدەچێت. تەوەری سەرەکی لوتکەکە گفتوگۆکردنە دەربارەی داهاتووی ئابووریی جیهان، پیشەسازی، ژیری دەستکرد، سیستەمی بانکی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان گوتارێکی گرنگی پێشکەشکرد و هاوشانی سەرکردە جیهانییەکان و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیشکی خستەسەر کێشە و ئاڵنگارییە سیاسیی، ئابووریی، ئەمنی و ژینگەییەکانی ناوچەکە و جیهان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشکەشکردنی وتارەکەی لە لوتکەیەکی جیهانی و لەسەر سەکۆیەک لەبەردەم سەرکردە و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کە زوومی کامێرای راگەیاندنە جیهانییەکانیش بە گرنگییەوە رووماڵی ئەو رووداوە گرنگە دەکەن کە وڵاتی ئیمارات لەخۆی گرتووە، باسی ماف و داوای رەوای گەلی کورد و مەترسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پاراستنی ئەو دەستکەوت و پێشکەوتنە ئابوورییانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان بەدەستیهێناوە کرد.