کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر: گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گرنگ و جیاواز بوو

ئەحمەد ئەلزاهیریش، کونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەولێر
ئەحمەد ئەلزاهیریش، کونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەولێر

K24 - هەولێر

کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر لەبارەی بەشداری مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان و گرنگی گوتارەکەی، ئاشکرایکرد، "مەسرور بازرانی وەک میوانێکی خۆشەویست سەردانی ئیماراتی کردووە و گوتارەکەشی گرنگ و جیاواز بوو".

ئەمڕۆ سێشەممە، 13-02-2024، ئەحمەد ئەلزاهیریش، کونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەولێر لەبارەی بەشداریی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی، وەڵامی کوردستان24ـی دایەوە.

کونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەولێر گوتی:  "ئامادەبوونی بەڕێز مەسرور بارزانی وەک میوانێکی خۆشەویست لە دەوڵەتی ئیمارات و لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان، هەروەها چاوپێکەوتنی لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی ئیماڕات، گرنگی پەیوەندی ئیمارات لەگەڵ عێراق و بە تایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی و میللەتی کورد نیشان دەدات".

ئەحمەد ئەلزاهیریش ئاماژەی بەوەش کرد، "گرنگیی ئەو چاوپێکەتنانە ئەوەیە، پەیوەندییەکان بەهێزتر و فراوانتر دەکەن، گرنگن بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان زیاتر و بەهێزتر بێت. گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەکە زۆر گرنگ و جیاواز بوو".

لوتکەی جیهانیی حکومەکەتان لە دووبەی دوێنێ دووشەممە، 12-02-2024، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و 25 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و نێردەی 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 300 وەزیر و 120 شاندی حکومی دەستیپێکرد و، تا سبەی چوارشەممە، 14-02-2024 بەردەوام دەبێت.

لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان لە دوبەی  لەژێرناوی (ئاییندەی داهاتووی حکومەتەکان) بەڕێوەدەچێت. تەوەری سەرەکی لوتکەکە گفتوگۆکردنە دەربارەی داهاتووی ئابووریی جیهان، پیشەسازی، ژیری دەستکرد، سیستەمی بانکی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان گوتارێکی گرنگی پێشکەشکرد و هاوشانی سەرکردە جیهانییەکان و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیشکی خستەسەر کێشە و ئاڵنگارییە سیاسیی، ئابووریی، ئەمنی و ژینگەییەکانی ناوچەکە و جیهان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشکەشکردنی وتارەکەی لە لوتکەیەکی جیهانی و لەسەر سەکۆیەک لەبەردەم سەرکردە و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کە زوومی کامێرای راگەیاندنە جیهانییەکانیش بە گرنگییەوە رووماڵی ئەو رووداوە گرنگە دەکەن کە وڵاتی ئیمارات لەخۆی گرتووە، باسی ماف و داوای رەوای گەلی کورد و مەترسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پاراستنی ئەو دەستکەوت و پێشکەوتنە ئابوورییانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان بەدەستیهێناوە کرد.