عەشیرەتی عوزێری: دێرین عوزێری پیاوی هەمان ئەو کەسانە بوو کە دوێنێ هێزیان ناردە سەر ماڵەکەی

ئەكرەم عەبدوڵڵا، نوێنەری عەشیرەتی عوزێری
ئەكرەم عەبدوڵڵا، نوێنەری عەشیرەتی عوزێری

K24 – هەولێر:

عەشیرەتی عوزێری ئەو لایەنە ئاشکرا دەکەن کە دێرین عوزێری کاری بۆ کردووە و رایانگەیاندووە، نەدەبوو بەمشێوە هەڵبکوتنە سەر ماڵی دێرین عوزێری و لە ناو و ناوبانگی عەشیرەتەکەیان دراوە.

رۆژی سێشەممە (13ـی شوباتی 2024) ئەكرەم عەبدوڵڵا، یەكێك لە كەسایەتییەكانی عەشیرەتی عوزێری لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستان24 ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر ئەو کارانەی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەربڕی و گوتی "ئەوانە لە ناو و ناوبانگی عەشیرەتەکەی ئێمەیان داوە و نەدەبوو بەمشێوە هەڵبکوتنە سەر ماڵی دێرین عوزێری، بەڵکو دەبوو بە رێگەی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ کردبا، چونكە ئەو كارەی ئێستا كراوە دڵنیاین یاسا بەم شێوەیەی مامەڵەكردنی ناوێت".

دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە (12ـی شوباتی 2024) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دێرین عوزێری و دیوەخانەکەیان رووخاند و ماڵەکەیان تەقاندەوە، ئەمڕۆ کاردانەوەکانی ئەو رووداوە زیاتر بوون.

هەروەها نوێنەری عەشیرەتی عوزێری لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد: دێرین عوزێری پیاوی هەمان ئەو کەسانە بوو کە دوێنێ هێزیان ناردە سەر ماڵەکەی، ئەو چەک و سەربازی ئەوانی لابوو و لەگەڵ ئەوان کاری دەکرد، نەک بۆ عەشیرەتەکەمان".

لەبارەی کارەکانی دێرین عوزێرییەوە، نوێنەرەکەی عەشیرەتی عوزێری باسی لەوەشکردووە، "ئێمە لەگەڵ ئەو کارانە نەبووین کە دێرین عوزێری کردوویەتی و دیوەخانەکانی راستە بەناوی عەشیرەتەکەمان بوون، بەڵام بۆ ئێمە نەبوون، هەرچەندە ئێمە دەستخۆشی لە هەر کەسێک دەکەین کە کاری خێر بکات".

بەگوێرەی زانیارییەکان، دێرین عوزێری تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە و بەپێی زانیارییەکان کوردستان و عێراقی جێهێشتووە و لە رێگەی وڵاتی ئوردنەوە گەیشتووەتە وڵاتی بەریتانیا.

رۆژی دووشەممە (12ـی شوباتی 2024) بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هێزێكی كۆماندۆ چوونە سەر ماڵی كوێخا دێرین عوزێری بە تۆمەتی وەرگرتنی سەرانە لە سەرمایەدار و تەقەکردن و بریندارکردنی کوڕی سەرمایەدارێک، چواردەوری ماڵەکەیاندا بەڵام ناوبراو لە ماڵەوە نەبووە.

پێشتریش میدیاکانی سلێمانی بڵاویانکردەوە کە کوێخا دێرین عوزێری، بەهۆى هەڵاتنى لە ریزەکانى پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى چواردەورى ماڵی دێرین ئەحمەد محەمەد ناسراو بە "کوێخا دێرین"ـى عوزێرییان گرتووە و داوای لێدەکەن خۆى رادەستبکات.

لەلایەن خۆیەوە، ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار بەهۆی تەقەکردن لە هاووڵاتییەک، دانیان بە تاوانەکەیان دانا و ئاشکرایان کردووە کە لەسەر فەرمانی کوێخا دێرین تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردووە و لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەکردن لە سەرمایەدارێکی سلێمانی، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

لە بارەی رووخانی دیوەخانەکەشەوە، ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە، لەسەر بڕیاری دادوەر دەستبەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی دێرین عوزێریدا گیراوە و سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی دروستیکردووە، دەڕووخێندرێت.