بەهجەت رێکانی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرژەوەندی کوردستانی پێش هەموو بەرژەوەندییەکان خستووە

بەهجەت رێکانی، شرۆڤەکاری سیاسی
بەهجەت رێکانی، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، ئامانجی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دۆزینەوەی دەرفەتە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان. هاوکات گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرژەوەندی کوردستانی پێش هەموو بەرژەوەندییەکان خستووە.

بەهجەت رێکانی، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "میللەتی ئێمە دەبێت خۆیان بە ئومێدبەخش ببینن کە خاوەنی سەرۆکوەزیرانێکی لێهاتوو و خۆڕاگرن، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا چەندین قەیران و ئالنگاریی تووشی کابینەی نۆیەم بووەوە، بەڵام مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی خۆڕاگرانە رووبەڕووی هەموو قەیران و ئاستەنگەکان ببێتەوە".

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، دەڵێت: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو کەسانەی کە بەرژەوەندی کوردستانی پێش هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکە دەخات. باسی لەوەشکرد، جێگەی شانازییە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وەکو گوتاربێژێکی سەرەکی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی بەشداریکرد، هەروەها لە گوتارەکەشیدا تەنیا باسی چارەنووسی گەلی کوردی نەکرد بەڵکو باسی چارەنووسی هەموو ئەو گەلانەی کرد کە ستەمیان لێدەکرێت.

بەهجەت رێکانی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا پەیامی ئاراستەی عێراق و هەموو جیهان کرد، روئیای جەنابیان تەنیا بۆ عێراق نییە بەڵکو بۆ هەموو جیهانە".

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەی بەوەدا، ئامانجی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دۆزینەی دەرفەتە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.

رۆژی دووشەممە (12ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی وتارێکی پێشکەشکرد و هاوشانی سەرکردە جیهانییەکان و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیشکی خستەسەر کێشە و ئاڵنگارییە سیاسیی، ئابووریی، ئەمنی و ژینگەییەکانی ناوچەکە و جیهان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دەستپێکی وتارەکەیدا گوتی: "من ئه‌مڕۆ وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان قسه‌تان بۆ ده‌كه‌م، ئه‌و هه‌رێمه‌ی به‌درێژایی دوو ده‌یه‌ی رابردوو توانیویه‌تی له‌ناو پاشماوه‌كانی عێراقی پێشوو خۆی یه‌كبخاته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، من وه‌ك كه‌سێك قسه‌تان بۆ ده‌كه‌م كه‌ شانبه‌شانی ئه‌و خاوه‌ن بڕیارانەی ناوچه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان وه‌ستاوم، کە پێكه‌وه‌ رووبه‌ڕووی زۆرێك له‌ ئاڵنگاری هاوبه‌ش بووینه‌ته‌وه"‌.

لەبارەی ئیدارەدانی دۆخی ناوچەکەش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە: "هه‌موومان به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان، له‌سه‌ر ژیانكردن له‌ سایه‌ی هه‌ڵچوون و گرژییه‌كان و زۆرێك له‌و قه‌یرانانەدا‌ راهاتووین، كه‌ به‌لایه‌نی كه‌م به‌درێژایی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوو پێویستییان به‌ ئیداره‌دانێكی حه‌كیمانه‌ هه‌بووه". گوتیشی: له‌میانه‌ی گفتوگۆكانم له‌گه‌ڵ بڕیاربەدەستانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ده‌ره‌وه‌، دركم به‌ بوونی خواستێك بۆ رزگاربوون له‌ نه‌هامه‌تییه هاوبه‌شه‌كانی رابردوومان كردووه"‌.