پارێزگای ههولێر: بههۆی مهترسی دروستبوونی لافاو سهرجهم لایهنه پهیوهندیدارهكان خرانه حاڵهتی ئامادهباشییهوه
K24 – هەولێر:
بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو، پارێزگای ههولێر سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی خسته حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
لهمیانهی راگهیهندراوێكی پارێزگای ههولێردا هاتووه، بهسهرپهرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر و به ئامادهبوونی سهرجهم لایهنه پهیوهندیدارهكان و فهرمانگه خزمهتگوزارییهكان، كۆبوونهوهیهك لهبارهی نالەباری رەوشی کەشوهەواو و پێشبینیەکانی کەشناسی بۆ دوو ڕۆژی داهاتوودا بهڕێوهچوو، كه پێشبینیكراوه لهماوهیهكی كورتدا رێژەیەکی زۆری باران ببارێت و مەترسی دروستبوونی لافاوی لێدەکرێت.
پارێزگای ههولێر ئهوهشی خستهڕوو، دواى هەڵسهنگاندنی رەوشەکە و بە دواداچوون بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و کارانەی کە لە ماوەى ڕابردوودا کراون، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و خرانە حاڵەتی ئامادەباشى تەواو و کۆبوونەوەكه گەیشتە ئەم بڕیارانە:
یەکەم/ سەرجەم قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان راسپێردران، هەریەک لە سنووری خۆی ژووری عەمەلیات پێکبهێنێت و لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ روودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و چارەسەرکردنى هەموو ئەو گرفت و کێشانەى کە دەبنە هۆکار و مەترسى دروستبوونى لافاو.
دووەم/ سەرۆکایەتى شارەوانى، بەڕێوەبەرایەتى گشتیی شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر و ئاودێرى، راسپێردران لە پاککردنەوەى ڕێرەى (ئاوى سرووشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆڵەکان، ئاوەڕۆكان) بەردەوام بن، بەتایبەتى ئەو شوێنانەى کە مەترسیان هەیە ببێتە هۆکارى کۆبوونەوەى ئاو و دروستبوونى لافاو.
سێیەم/ سەرجەم لایەن و فەرمانگهکان لەحاڵەتی ئامادەباشی و هەماهەنگی دابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک.
چوارەم/ دواى ئهو هەموو هەوڵ و کارانهی لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا و بەر لەوەرزى باران بارینى ئەمساڵ لە پێناوى ڕوونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى گۆڕانکارى کەشوهەوا لەناوچەکەدا کراوە، سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر هەر کەم و کوڕى و کەمتەرخەمییەک کە ببێتە هۆى مەترسى دروستبوونى لافاو و روودانى هەر حاڵەتێکى نەخوازراو، هەریەکه و بەئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى بەرپرسیارە.
پێنجەم/ سەرجەم شار و سیتیەکانى هەولێر بەرپرسن لە خزمەتگوزاریى پاککردنەوەى ڕێرەى ئاوى سرووشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان.
شەشەم/ ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە هەماهەنگی فەرمانگەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لەئامادەباشی تەواو دادەبن.
حەفتەم/ (بەرگری شارستانی، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی و تەندروستی) لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و مەترسى دروستبوونى لافاو.
هەشتەم/ تیمەکانی پاراستنی ڕێگه و بانی هەولێر، دابەشدەکرێن بەسەر ڕێگا گشتیی و سەرهکییەکان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە مەترسی دروستبوونی لافاوی لەسەرە.