ئۆپێک: تا ساڵی 2045 خواستی بازاڕەکانی جیهان بۆ نەوت دەگاتە 116 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە

K24 – هەولێر:

ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، خواستی درێژخایەن هەیە لەسەر ئاستی جیهان بۆ نەوت و پێشبینی دەکەن تا ساڵی 2045 بگاتە 116 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

رۆژی سێشەممە (13ـی شوباتی 2024) هەیسەم غەیس، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، بڕیارەکەی وڵاتی سعوودیە بۆ دواخستنی پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، مانای ئەوە نییە کە خواست لەسەر نەوتی خاو لە دازبەزیندایە.

ئەو بەرپرسەی ئۆپێک ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینی ساڵانەیان بۆ خواستی نەوت بەرزبووەتەوە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو رایانگەیاندبوو.

رێکخراوەکە پێشبینی دەکات تا ساڵی 2045 خواستی جیهانی لەسەر نەوت بگاتە 116 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیلی رۆژانە زیاترە لە پێشبینی ساڵی پێشوو، ئەو بەرزبوونەوەیەش بۆ لەسەر داخوازی بازاڕ دێت بەتایبەتی لەلایەن چین، هندستان و وڵاتانی دیکەی ئاسیا، ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وابڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا، جارێکی دیکە ئۆپێک پێشبینییەکانی خۆی بۆ چاوەڕوانی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بۆ خواستی بازاڕ بڵاوبکاتەوە و لەوبارەیەوە هەیسەم غەیس، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک ئاماژەی بەوەکردووە، دەبێت چاوڕێ بکەن تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەم بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی پێشبینییەکانی ئەمساڵیان بدەن.

ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاندووە، بەهۆی پەشیمانبوونەوەی زۆرێک لە وڵاتان لەبارەی گەیشتن بە ئامانجی رێژەی سفر لە دەردانی گازی کاربۆنی، ئەمە وادەکات خواستی بازاڕ لەسەر نەوت لە ماوەیەکی درێژخایەندا بەرزبێتەوە.

لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2023) وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس خۆبەخشانە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیاندا بەشێوەیەک، سعوودیە بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، رووسیا بە 500 هەزار بەرمیل، عێراق بە بڕی 223 هەزار بەرمیل، ئیمارات بە 163 هەزار بەرمیل، کوێت بە 135 هەزار بەرمیل، کازاخستان بە 82 هەزار بەرمیل، جەزائیر بە 51 هەزار بەرمیل و عومان بە 42 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەشدارییان لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کرد.

کەمکردنەوە خۆبەخشانەکەی رێکخراوەکە بە گوێرەی پێویستی بەرهەمهێنانی ساڵی 2024 هەژمارکراوە، ئەمە جیا لەو کەمکردنەوە خۆبەخشانەی کە پێشتر لە مانگی نیسانی 2023 راگەیەندرا و دواتر تا کۆتایی ساڵی 2024 درێژکرایەوە ، بۆ ئەوەی پشتگیری لە سەقامگیری بازاڕی نەوت بکرێت، وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت رایدەگەیەنن ئەم کەمکردنەوە خۆبەخشانەی رێکخراوەکە بەپێی بارودۆخی بازاڕ دەگەڕێتەوە باری ئاسایی.

سیاسەتی کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە کاتێک لە (5ـی تشرینی یەکەمی 2022) بڕیاریدا رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکاتەوە، هەروەها لە کۆتایی مانگی ئاداری 2023ـش بڕیاریدا لە مانگی ئایارەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2023 رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل کەمبکرێتەوە.