داڕمانی کانێکی زێڕ لە باکووری کوردستان مەترسی لەسەر پیسبوونی رووباری فورات دروستکردووە

داڕمانی کانێکی زێڕ لە پارێزگای ئەرزنجانی باکووری کوردستان - وێنە: AFP
داڕمانی کانێکی زێڕ لە پارێزگای ئەرزنجانی باکووری کوردستان - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

داڕمانی کانێکی زێڕ لە پارێزگای ئەرزنجانی باکووری کوردستان لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەک بووەتە هۆی گیرخواردنی نۆ کرێکار و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژینگەی ناوچەکە بەتایبەتی پیسبوونی رووباری فورات بەهۆی بوونی ماددەی سیانید لە زەوی کانە زێڕەکە.

رۆژی سێشەممە (13ـی شوباتی 2024) عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنی کرێکارە بێسەروشوێنەکان، 400 کارمەندی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.

رووداوەکە لە کاتژمێر 2:30ـی دوای نیوەڕۆ لە کانی زێڕی کۆپلەر سەر بە کۆمپانیای ئاناگۆڵد مایننگ بووە لە شارۆچکەی ئیلیچی پارێزگای ئەرزنجانی باکووری کوردستان، کە ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی 2009ـەوە لەو کانەدا کاردەکات و 667 کرێکاری هەیە.

لەلایەن خۆیەوە، کۆمپانیای ئاناگۆڵد لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای رووداوەکە پلانی فریاگوزارییان راگەیاندووە و هەموو ئامرازەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ رزگارکردنی کرێکارەکان و لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانیش لە هەماهەنگیدان.

هاوکات سلێمان پامپاڵ، شارەزای جیۆلۆجی بە ئاژانسی هەواڵی خەبەرتورکی راگەیاندووە، بەهۆی پرۆسێسکردنی زێڕ لە خاکی ناوچەکە، کە بەهۆی داڕمانەوە کانەکە رووخاوە و بووەتە هۆی رۆچوونی زەوی، پێشبینی دەکرێت کە ماددەی سیانیدی ژەهراوی بوونی هەبێت کە لەکاتی پرۆسەی دەرهێنانی زێڕدا بەکاردەهێندرێت، مەترسی ئەوەی هەیە تێکەڵ بێت بە رووباری فورات کە لە تەنیشت کانە زێڕەکەیە و ژینگەی ناوچەکە پیس بکات.

هەروەها یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند کە چوار داواکاری گشتی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون رووداوەکە راسپێردراون.

بەگوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی شوێنی رووداوەکە بڵاوبوونەتەوە، ئەوە دەردەخەن کە لە ئەنجامی زەوی لەرزینەکە بووەتە هۆی داڕمانی زەوی و پاشماوەکەی بەسەر دۆڵێکدا رۆیشتووە و رێگەیەکی گرتووە کە بەشێک لە کرێکارەکان بە ئۆتۆمبێل پێیدا تێپەڕدەبن.

رووداوەکانی تەقینەوەی کانەکان لە تورکیا ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و دوایین رووداویش تەقینەوەی کانی خەڵوزی میتان بوو لە باکووری رۆژئاوای تورکیا لە تشرینی یەکەمی 2022، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 42 کەس.