لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی بەریتانیا دژی ناردنی پەنابەرانە بۆ رواندا

پەرلەمانی بەریتانیا - وێنە: رۆیتەرز
پەرلەمانی بەریتانیا - وێنە: رۆیتەرز

K24 – هەولێر:

لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی بەریتانیا پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا بە دژبەر لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەی دەزانێت.

لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی بەریتانیا رایگەیاند، پرۆژەیاسای حکومەتی بەریتانیا بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، هیچ رێگەیەک بۆ کۆچبەران ناهێڵێتەوە پەنا بۆ دادگایەکی سەربەخۆی بەریتانیا ببەن بۆ چەسپاندنی مافی مانەوەیان لەو وڵاتە.

ئەو لیژنەیە ئاماژە بەوەش کردووە، وڵاتی رواندا لە ئاستێکدانییە پارێزگاری لە بەڵێنەکانی بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ و مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران بکات.

هەروەها لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی بەریتانیا جەختی کردووەتەوە، ئەگەر پرۆژەیاساکە بۆ جاری دووەم لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پەسەندبکرێت، ئیدی دادگاش ناتوانێت رەتیبکاتەوە و دەبێت بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

رۆژی (19ـی کانوونی دووەمی 2024) دوای نزیکەی زیاتر لە ساڵێک لە راگەیاندنی پلانی حکومەتی بەریتانیا بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە دەنگی 320 پەرلەمانتار پرۆژەیاساکەی پەسندکرد.

دوای ئەوەش ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند: "گرنگە رێگری لە بەلەمە نایاساییەکان بکەین، خۆشحاڵم پلانەکەمان کار دەکات، ژمارەی کۆچبەرە نایاساییەکان یەک لەسەر سێ کەمیکرد و ئەمە پێشتر رووینەداوە، ئەمە دەرخەری ئەوەیە دەتوانین جیاوازی بکەین. تا ئەو کێشەیە بەتەواوی چارەسەر بکرێت پێویستە بەرپەرچدانەوەمان هەبێت، ئەگەر خەڵک بە نایاسایی بێنە ئێرە دەبێت دوور بخرێنەوە، بۆیە پلانی رواندا زۆر گرنگە".

پلانی حکومەتی بەریتانیا بۆ گواستنەوەی پەنابەران بۆ رواندا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە و ماوە لەلایەن ئەنجوومەنی لۆردەکان پەسندبکرێت.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتیشی، پێویستە ئەنجوومەنی لۆردەکانیش ئەو پلانە پەسەند بکەن، تا کۆتایی بە هاتنی بەلەمی کۆچبەرە نایاساییەکان بهێندرێت.

سیاسەتی رواندا پلانی سەرەکی ریشی سوناکە تا رێگری لە کۆچبەری نایاسایی بکات و پێشتر پلانەکە لە نیسانی 2022 لەلایەن بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا پەسندکرا، بەگوێرەی پلانەکە، هەر کۆچبەرێک لەدوای یەکی کانوونی دووەمی 2022 گەیشتبێتە بەریتانیا دەنێردرێتە رواندا و لەوێ دەمێنێتە تا پرۆسەی پەسەندکردنی پەنابەرییەکەی کۆتایی دێت، ئەگەر بەریتانیا بە پەنابەر وەرینەگرێت جارێکی دیکە ناتوانێت روو لەو وڵاتە بکات.