عەممار قەحف: بەشداریکردنی مەسرور بارزانی لە لوتکەی حکومەتەکان کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ناوچەکە هەیە

عەمار قەحف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری عومران بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان
عەمار قەحف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری عومران بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری عەمران بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو گوتارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە دوبەی پێشکەشیکرد دەبێتە مایەی چارەسەر بۆ زۆرێک لە کێشە هەڵواسراوەکانی ناوچەکە.

عەمار قەحف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری عومران بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بوونەتە پەناگەیەکی ئەولەویەت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری عومران، دەڵێت: گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوایخۆیدا هێنا، هەموو سەرکردەکانی ئامادەبوو شۆک بوون، هەروەها ئەو پێشنیازانەی کە جەنابیان پێشکەشیان کرد بووە جێگەی بایەخی سەرکردەکان.

عەمار قەحف، ئاماژەی بەوەدا، ئیدارەدانی قەیرانەکان لە فەڵەستین ئیدارەیەکی نێودەوڵەتییە، لەبری چارەسەر هەڵدەستن دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن، هەروەها پێویستە سەرکردەکانی ناوچەکە کێشەکانی فەڵەستین چارەسەر بکەن نەک سەرکردەکانی رۆژئاوا.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری عومران، دەشڵێت: ئەو گوتارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە دوبەی پێشکەشی کرد دەبێتە مایەی چارەسەر بۆ زۆرێک لە کێشە هەڵواسراوەکانی ناوچەکە.

عەمار قەحف، گوتیشی: بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت بۆ سەقامگیری ناوچەکە.

لوتکەی جیهانیی حکومەکەتان لە دوبەی رۆژی دووشەممە، (12ـی شوباتی2024)، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و 25 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و نێردەی 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 300 وەزیر و 120 شاندی حکومی دەستیپێکرد و، تا سبەی چوارشەممە، (14ـی شوباتی2024) بەردەوام دەبێت.

لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان لە دوبەی  لەژێرناوی (ئاییندەی داهاتووی حکومەتەکان) بەڕێوەدەچێت. تەوەری سەرەکی لوتکەکە گفتوگۆکردنە دەربارەی داهاتووی ئابووریی جیهان، پیشەسازی، ژیری دەستکرد، سیستەمی بانکی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان گوتارێکی گرنگی پێشکەشکرد و هاوشانی سەرکردە جیهانییەکان و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیشکی خستەسەر کێشە و ئاڵنگارییە سیاسیی، ئابووریی، ئەمنی و ژینگەییەکانی ناوچەکە و جیهان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشکەشکردنی وتارەکەی لە لوتکەیەکی جیهانی و لەسەر سەکۆیەک لەبەردەم سەرکردە و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کە زوومی کامێرای راگەیاندنە جیهانییەکانیش بە گرنگییەوە رووماڵی ئەو رووداوە گرنگە دەکەن کە وڵاتی ئیمارات لەخۆی گرتووە، باسی ماف و داوای رەوای گەلی کورد و مەترسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پاراستنی ئەو دەستکەوت و پێشکەوتنە ئابوورییانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان بەدەستیهێناوە کرد.