پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوو بڕیاری بەعس لە سەر زەوییەکانی کەرکووک کۆدەبێتەوە

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

پەرلەمانی عێراق بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوو بڕیاری ئەنجومەنی باڵای رژێمی بەعس بکات، کە تایبەتە بەو زەویانەی لە سنووری کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق لەلایەن عەرەبی هاوردەوە داگیرکراون.

بەگوێرەی کارنامەی بڵاوکراوەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە (14ی شوباتی 2024) کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ کۆدەبێتەوە، یەکێک لەو تەوەرانەی دیاریکراوە خوێندنەوەی یەکەمە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (1018)ی ساڵی 1982 و (554)ی ساڵی 1983ی سەردەمی بەعس، کە پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی هەردوو بڕیارەکە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی تێپەڕاندووە و ماوەتەوە لە پەرلەمان خوێندنەوە و دەنگدانی لەسەر بکرێت، لە ئەگەری پەسەندکردنی هەڵوەشاندنەوەی هەردوو بڕیارەکەی سەردەمی بەعس، نزیکەی 300 هەزار دۆنم، لەو زەویی و موڵکانەی لەلایەن عەرەبی هاوردەوە لە سنووری پارێزگای کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە داگیرکراون، بۆ هاووڵاتییانی کورد و تورکمان دەگەڕێتەوە.

جگە لە تەوەری خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی هەردوو بڕیارەکەی سەردەمی بەعس، پەرلەمانی عێراق چوار بڕگەی دیکەیشی دیارکردووە، یەکەمیان خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پرۆژە یاسای بە دەستهێنانی زانیاریی، کە لەلایەن لیژنەی رۆشبنیریی و گەشتوگوزار و شوێنەوارو راگەیاندن خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

بڕگەی سێیەمیش، خوێندنەوەی دووەمە بۆ پرۆژە یاسای تۆمارکردنی لە دایکبووان و مردووان، لەلایەن لیژنەی تەندروستیی و ژینگە.

هەروەها بڕگەی چوارەم، لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەمواری ماددەکانی (50 و 56) ی رێککەوتنی فڕۆکەوانی مەدەنی ساڵی 1944 دەکرێت، کە لە مۆنتریال ساڵی 2016 واژۆکراوە.

دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی یاسایی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی داواکاریی موڵکایەتی ژمارە (13)ی ساڵی 2010 دەکات.