تۆڕی دابەشکردنی غازی ناوخۆی ئێران تەقێندرایەوە

ئاگری تۆڕی غازی نیشتمانی ئێران دوای تەقاندنەوەی
ئاگری تۆڕی غازی نیشتمانی ئێران دوای تەقاندنەوەی

K24 - هەولێر

کۆمپانیای غازی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، لە دوو کردەوەی تێکدەرانەدا لە دوو شوێنی جیاوازدا تۆڕی دابەشکردنی غازی ناوخۆیی تەقێندرایەوە.

ئاژانسی ئیرنای ئێرانی، لە زاری سەعید عەقیلی بەڕێوەبەری دابەشکردنی غازی نیشتمانی ئێران بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دوو کردەوەی تێکدەرانە بۆڕی دابەشکردنی غاز لە سنووری شارۆچکەی برۆجنی پارێزگای چارمەحاڵ و بەختیاریی و شارۆچکەی سەفا شاری پارێزگای فارس تەقێندراوەتەوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، بەهۆی تەقینەوەکان هیچ کەسێک زیانی پێنەگەیشتووە و ئاگرەکەوتنەوەکەش کۆنترۆلکراوە، تیمەکان بۆ چاککردنەوەی بۆریی و تۆڕی دابەشکردنەوەی غاز دەستبەکاربوون و هەوڵدەدەن بەزووترین کات دابەشکردنەوە غازی شل دەست پێ بکەنەوە.

بە گوتەی عەقیلی، وەزیری نەوت و بەرپرسانی دیکەی پەیوەندیدار لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کۆبوونەتەوە و لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە رووداوەکە پێکهێنراوە.

ئاشکراشیکردووە، بەهۆی بەهۆی تەقینەوەکەوە دابەشکردنی غازی شل لە چەند ناوچەیەک راگیراوە، بەڵام غازی ئێل پی جی بەشێوەیەکی کاتی تاوەکوو چاککردنەوەی بۆرییەکە دابینکراوە.