سەدان سێرڤەری پەرلەمانی ئێران هاککران

پەرلەمانی ئێران
پەرلەمانی ئێران

K24 - هەولێر

زیاتر لە 600 سێرڤەری پەرلەمانی ئێران هاککران و سەدان بەڵگەنامەی نهێنی لە لایەن هاککەرەکانەوە بڵاوکرانەوە.

گرووپی هاککەری "ڕاپەڕین تا ڕووخان" رایگەیاند، ماڵپەڕ و سێرڤەرەکانی ئاژانسی خانەی میللەت سەر بە پەرلەمانی ئێرانی هاککردووە و دەستی بەسەر 600 سێرڤەری پەرلەماندا گرتووە.

لە ڕاگەیاندراوی ئەم گرووپە هاککەرەدا هاتووە، سێرڤەرە سەرەکییەکانی پەرلەمان، کۆمیسیۆنەکانی پەرلەمان، ناوهۆڵی پەرلەمان، بانکی پەرلەمان، ئۆفیسی سەرۆکایەتی و جێگرەکانی پەرلەمان و دەیان سێرڤەری دیکەی هاک کردووە و دەستی بە سەدان بەڵگەنامەی نهێنی گەیشتووە کە بەرەبەرە بڵاویان دەکاتەوە.

ئەم گرووپە هاککەرە لە یەکەم هەنگاودا لیستەی مووچەی ئەندامانی پەرلەمانی بڵاوکردووەتەوە. پەرلەمانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک هاککرانی سێرڤەرەکانی پشتڕاست کردەوە، بەڵام رایگەیاندووە بەشێک لەو بەڵگەنامانەی بڵاوکراونەتەوە ساختەن.