سەرۆکی بانکی ئەوروپا: بودجەی 'پلانی مارشاڵ' زۆر کەمترە لە هاوکارییەکانی کیێڤ

ئۆدیل رینۆ باسۆ، سەرۆکی بانکی ئەوروپا بۆ بنیادنانەوە و گەشەپێدان
ئۆدیل رینۆ باسۆ، سەرۆکی بانکی ئەوروپا بۆ بنیادنانەوە و گەشەپێدان

K24 - هەولێر

سەرۆکی بانکی ئەوروپا بۆ بنیادنانەوە و گەشەپێدان ئۆدیل رینۆ باسۆ رایگەیاند، "پلانی مارشاڵ" بۆ بنیاتنانەوەی ئەوروپا دوای جەنگی جیهانی دووەم " زۆر کەمترە" بە بەراورد لەگەڵ پشتیوانییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا.

ئۆدیل رینۆ باسۆ، سەرۆکی بانکی ئەوروپا بۆ بنیادنانەوە و گەشەپێدان بە رۆژنامەی "پۆلیتیکۆ"ـی راگەیاند، هاوکاریەکان بۆ ئۆکرانیا "زۆر گەورەیە"، سەرەڕای هەموو رەخنەکانی ئەم دواییانە کە هاوپەیمانەکانی کیێڤ بە پێی پێویست کاریان نەکردووە بۆ پشتیوانیکردنی کیێڤ.

ئاماژەی بەوەشکرد، بودجەی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئۆکرانیا لە ساڵی 2024دا دەگاتە 18 ملیار یۆرۆ، ئەمەش زۆر زیاترە لە پلانی مارشاڵ بۆ بنیاتنانەوەی ئەوروپا لەدوای جەنگی جیهانی دووەم.

رینۆ جەختیکردەوە، برۆکسل و واشنتن گەورەترین پاڵپشتی دارایی ئۆکرانیا بوون لە کاتی شەڕەکەدا، بە هاوبەشی 27.5 ملیار یۆرۆ و 22.9 ملیار یۆرۆیان لەدوای یەک دابینکردووە.

رینۆباسۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەوە ڕاستییە کە ئۆکرانیا 50%ـی بودجەی بە پشتیوانی دەرەکی دابین دەکات، ئەمەش شتێکی گەورەیە، دەشڵێت: پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ هاوکارییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئۆکرانیا بڕی 18 ملیار یۆرۆ بێت.

رینۆ باسۆ رەخنەی بەشێک لە لایەنگرانی ئۆکرانیا رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن پاکێجی یارمەتییەکانی یەکێتی ئەوروپا بە بەراورد بە بودجەی یەکێتییەکە کە یەک تریلیۆن یۆرۆ بووە لە ماوەی حەفت ساڵدا نائومێدکەر بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا دەبێت هێڵێکی ورد لە نێوان پشتگیریکردنی ئۆکرانیا و دابینکردنی بودجە بۆ ئەولەویەتەکانی ناوخۆ دابنێن.

پلانی مارشاڵ پەیوەندی بە جۆرج مارشال وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمەریکاوە هەبووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی 16 وڵات کە زۆربەیان لە ئەوروپای رۆژئاوابوون لە کۆتاییەکانی 1947، کە بڕیار بوو وڵاتانی رۆژئاوا لەماوەی پێنج ساڵدا 20 ملیار دۆلار وەربگرن بۆ گەڕاندنەوەی ژێرخانی ئابووری دوای جەنگ.