ئەمەریکا لە کەمبوونەوەی پێشێلکارییەکانی ئازادی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵە

K24 - هەولێر

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر جارێکی دیکە خۆشحاڵی خۆی بۆ کەمبوونەوەی رێژەی پێشێلکارییەکانی ئازادی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر لە میانی بەشداریکردنی لە رێورەسمی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ئاشکرایکرد، پێشوازی لە کەمبوونەوەی رێژەی پێشێلکارییەکانی ئازادی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەمڕۆ چوارشەممە (14ی شوباتی 2024) بڵاویکردووەتەوە، ئەمەریکا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشانی خۆجێیی و نێودەوڵەتی بۆ برەودان بە ئازادیی راگەیاندن و راگەیاندنێکی پیشەییانەتر. دەبێت رۆژنامەوانان بێ ترس، هەراسانکردن و جیاکاریی بتوانن ئازادانە کاری خۆیان بکەن.

لەم هەفتەیەدا دووەمجارە کونسوڵخانەی ئەمەریکا ئەم پەیامی خۆشحاڵی خۆی بۆ کەمبوونەوەی رێژەی پێشێلکارییەکانی ئازادی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، پشتیوانیش لە ژینگەیەک دەکات تێیدا رۆژنامەوانان بە ئازادی کاری خۆیان بکەن.