فەرماندە نوێیەکەی سوپای ئۆکرانیا: دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە

K24 - هەولێر

فەرماندەی نوێی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری بەرگری ئۆکرانیا سەردانی بەرەی پێشەوەی جەنگی کردووە و دەڵێت: "دۆخەکە زۆر ئاڵۆز و گرژە".

ئەلێکسەندەر سێرسکی فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئۆکرانیا لە پلاتفۆڕمی تێلێگرام رایگەیاند، "داگیرکەرانی رووسیا بەردەوامن لە زیادکردنی هەوڵەکانیان و ژمارەیان زیاتر دەبێت" لە کاتێکدا ئۆکرانیا هەوڵدەدات ریزی سەربازییەکانی نوێ بکاتەوە، هەروەها ئەو یارمەتییە سەربازییەی ئەمەریکای وەرنەگرتووە کە پێویستمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەکە.

سێرسکی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ڕێگەگرتن لە پێشڕەوی رووسیا لە ناوچەکەمان و پاراستنی پێگەکانمان، ئێمە هەموو رێوشوێنێک دەگرینەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانمان و رزگارکردنی ژیانی سەربازەکانمان".

ئەمەش دوای ئەوەهات کە سوپای ئۆکرانیا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، کەشتییەکی جەنگی رووسیای لە کەناری کریمیا لە دەریای ڕەش لەناوبردووە.

لە 8ـی شوباتی 2024، وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە جێگای ڤالێری زالوژینی دەستبەکاربوو.

رووسیا لە شوباتی 2022، هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکەکەی داگیرکرد، هەروەها بەدەیان هەزار سەرباز کوژراون و بریندار بوون.