گەندەڵی هەموو کەرتەکانی عێراقی گرتووەتەوە

ئاڵای عێراق
ئاڵای عێراق

K24 - هەولێر

وابڕیاربوو بودجە زەبەلاحەکەی عێراق، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانەکەی فەراهام بکات، بەڵام خەریکە گەندەڵی ئەو خەونە لە بار دەبات.

گەندەڵی لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە و هەموو کەرتەکانی لە عێراقدا گرتووەوە. هیوایەک هەبوو بودجە سێ ساڵییە زەبەلاحەکەی عێراق، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانەکەی فەراهام بکات، بەڵام خەریکە دەردی گەندەڵی ئەو خەونە لە بار دەبات.

لە وڵاتێکدا کە زۆرترین پێویستی بە پرۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە هەیە، بەڵام ملیاران دینار لە پرۆژەی بێسوود خەرجدەکرێن و پرۆژە گرنگەکانیش لەکارخراون، وەکو گشت کەرتەکانی دیکە، کەرتی خزمەتگوزاری و تەندروستی، قوربانی یەکەمی دەست دیاردەی گەندەڵین.

باقر ساعدی، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی گەندەڵییەوە کارکردن لە 500 پڕۆژەی گرنگی خزمەتگوزاری لە شارە جیاوازەکانی عێراقدا راگیراون.

میترۆکەی بەغداش کە بە یەکێک لە پێشکەوتنەکانی عێراق ناو دەبرا، گەندەڵییەکی گەورەی تێدا ئاشکرا کرا، بە جۆرێک بەپێی یاسای بودجەی عێراق و نووسراوی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێت بڕی 914 ملیار دینار بۆ کۆمپانیاکانی راوێژکاری تەرخان بکرێت کە لە پڕۆژەی میترۆی بەغدادا، کاری نەخشەسازی و راوێژکاری ئەنجامدەدەن.

بەپێی بەدواداچوونەکان دەردەکەوێت کە حکومەتی عێراق ئەو بەشەی یاسای بودجەی پێشێلکردووە و بەبێ گەڕانەوە بۆ یاساکە، بڕی ترلیۆنێک و 500 ملیار دیناری بۆ دوو کۆمپانیا تەرخان کردووە کە یەکێکیان لوبنانییە و ئەوی دیکەیان مالیزییە.

یەکێک لە گەندەڵییەکانی دیکە کە بە تاڵانی ناوی دەبەن، تەرخان کردنی 40 ملیار دیناری ساڵانەیە بۆ گرێبەستی وەگەڕخستنی نەخۆشخانەی شاری نەجەفە کە بە کۆمپانیایەکی ئیتاڵی دەدرێت.

ئەمانە و چەندان نموونەی دیکە دەرخەری پەلهاوێشتن و فراوانبوونی زیاتری دەردی گەندەڵین لە عێراقدا و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دیاردەیەش لە مەحاڵ نزیک بووەتەوە.