پسپۆڕێکی ئابووری: بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکان دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و وەبەرهێنەرانی بیانی

K24- هەولێر

پسپۆڕێکی بواری ئابووری رایگەیاند، بەشداریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕ و کۆڕبەندە جیهانییەکان، نیشاندانی پێگەی هەرێمی کوردستانە و دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و وەبەرهێنەرانی بیانی.

د. رامیار وەڵزی، پسپۆڕی بواری ئابووری بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەشداریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕ و کۆڕبەندە جیهانییەکان، نیشاندانی پێگەی هەرێمی کوردستانە.

وەڵزی گوتیشی: بەشێکی گرنگی پانێلەکانی کۆڕبەند و لوتکەکانی جیهان بریتییە لە لایەنی ئابووری، ئەمەش بایەخی زۆرە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشداریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکان دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و وەبەرهێنەرانی بیانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژینگەی هەرێمی کوردستان زۆر گونجاوە و وەبەرهێنەرانی بیانی دەتوانن سوودی لێوەرگرن، بۆیە کابینەی نۆ زۆر گرنگی بە بواری ئابووری و هەناردەکردن داوە، بەتابەت بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان.

پسپۆڕەکەی بواری ئابووری، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لە پاراستنی کەشوهەوا و ژینگە دەکاتەوە، لەبەرئەوە لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە دوبەی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەوتارەکەی جەختی لە گۆڕانی کەشوهەوا کردووە کە پرسێکی زۆر گرنگە.