مەحما خەلیل: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە خزمەتکردنی ئاوارەکان شکستی هێناوە
K24 – بەغدا:
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە خزمەتکردنی ئاوارەکان شکستی هێناوە و هیچ پلانێکی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان نییە.
داوادەکرێت وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران هەڵبوەشێندریتەوە و کارەکانی بدرێت بە دەستەیەکی تایبەت و سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی بکات، لەمبارەیەوە مەحما خەلیل، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ماوەیەک پێداویستی ماوەبەسەرچوو بەسەر کەمپی ئاوارەکاندا دابەش دەکات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، ئهو نهوتهی بەسەر ئاوارەکاندا دابهشكراوه، "رێژهیەکی زۆری كبریتی تێدایه، كه هۆكاری سهرهكییە بۆ تووشبوونە بە شێرپەنجە.
مەحما خەلیل، گوتی: وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە ئەرکەکەی شکستی هێناوە و هیچ پلان و بەرنامەیەکی نییە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، تا ئێستا ئەو ئاوارانەی کە چوونەتە دەرەوەی وڵات یاخود لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین بە هیچ شێوەیەك قەرەبوو نەکراونەتەوە، لە کاتێکدا 180 ملیار دینار لەژێر دەستی ئەم وەزارەتەیە.
رۆژی (9ـی شوباتی 2024) ماجید شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، بۆ هەموو لایەک روونە کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دابەشکردنی کەلوپەل و خۆراک گەندەڵی دەکات، بەهۆی ئەوەی چەندین جار ئەو کاڵانەیان بە پارە لە دەرەوەی کەمپەکان فرۆشتووە.
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە گەندەڵییەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەزانێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی نەبووە لە بەرانبەر ئەو کارانەی ئەم وەزارەتە.
ماجید شنگالی، گوتیشی: بەداخەوە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە سەردەمی موستەفا کازمی وەزیری ئەو وەزارەتە بوو کە نەیتوانیبوو لە راپەڕاندنی کارەکانی سەرکەوتوو بێت، بەڵام بەداخەوە لەم کابینەیەشدا دووبارە بە وەزیری ئەو وەزارەتە هەڵبژێردرایەوە.