بێڕێزی نیشتمانی و چاندنی هزری پۆپۆلیستی

Kurd24

لە هەر کۆمەڵگەیەک ڕێزگرتن لە نەتەوە و هێماکانی و سەرکردایەتییەکەی لە پێش هەموو شتێکەوەیە. ڕێزگرتن لە (نیشتمان، ڕەمزەکانی و سەرکردەکان)ی، بە بەرپسیارێتی کەسی هەژمار دەکرێت. بەڵام هەندێک کەس بەهۆی هەستکردن بە نامۆبوون یان چالاکیی چەواشەکارانەوە پاڵدەنرێن و هان دەدرێن، لە ڕێگەی کردەوەی (سووکایەتیکردن، ئاژاوە و دوژمنایەتی)یەوە خۆیان بەدەرخەن.

مافی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەر چوارچێوەیەکی دیموکراسیدا پێشێل ناکرێت، بەڵام پێویستە بە بەرپرسیارانە ئەم ناڕەزایەتییە دەرببڕدرێت، کاتێک خۆپیشاندانەکان دەگۆڕدرێن بۆ، هەڵچوون و بێبایەخکردنی (ئاڵا، بەها نیشتمانییەکان، خاک و سەرکردەکان)، نەک هەر پەیکەری یەکگرتوویی دەشێوێنێت بەڵکو خودی ئەو بنەمایانەش تێکدەدات کە، خۆپیشاندەران پشتگیری دەکەن. بەم ڕێگا پلان بۆ داڕیژراوە، هەوڵ دەدرێت ئەم دیاردە قێزەونە ببێتە شتێکی باو لە کۆمەڵگە تا شیرازەی کۆمەڵایەتی وە سەروەری بشێوێنرێت. پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە دیالۆگەوە سەرچاوە دەگرێت نەک بە لەناوچوون؛ بە ڕێزگرتنە، نەک سەرپێچیکردن و یاخییانە مامەڵەکردن. دەشێ بەشداری گوتاری بنیاتنەر بکەین و بەدوای هاوبەشیدا بگەڕێین، نەک ڕێگە بدەین بڵێسەی ناتەبایی دەروونی ئەم نەتەوەیە بخوات.

پلانێکی خوازراو هەست پێدەکرێت لە نێو تاکەکانی نێو کۆمەڵگە لەپێناو چەسپاندنی بیرێکی چەواشەکارانە، گۆشکردنی تاکی کۆمەڵگە بە بیر وە هزرێکی پۆپۆلیستی، لەپیناو ناشرینکردنی سەروەرییەکان. هەڵبەتە بۆ جێبەجێکردنی ئەم تۆوی دوو بەرەکی وە ئاژاوەگیڕییانە بەرنامەی پێشوەختە هەن، هیچکات ئەمانە خۆڕسک نین وە لەخۆڕا سەرچاوە ناگرن. هەموو دەمێک هەوڵ دەدرێت شتە مەزنەکان بچووک بکرێنەوە، هزری باش بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە لە هەموو ڕویەکەوە ناشرین بکرێت، ڕق و کینە لە نێو کۆمەڵگە پەرە پێبدەن وە هەموو باشییەک بە خراپ نیشان بدەن. ئەمە زادەی بیری پۆپۆلیستییە بۆ شێواندنی ڕاستییەکان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان. ئەوەی لایان گرنگە تێکدانی سەقامگیری وە ئارامییە، دنەدانی کۆمەڵگەیە بەرە ئاقارێکی نەرێنی. بێگومان ئەم هەوڵانە بەبێ پاڵپشتی ماددی سەرچاوە ناگرن. هزری پۆپۆلیستی هەموو شت دەکەن تەنها لە پێناو گەشتن بە ئامانجیان، لایان گرنگ نیە چی ڕوودەدات؟ وە کێ دەبیتە قوربانی؟

بەداخەوە زۆە جار تاکەکان بەکار دەهێنرێن، هەندێک جار ئەو تاکە هەستی پێ ناکات وە نازانێت، بووەتە ئامرازێک لەپێناو گەیاندنی پەیامێکی شاراوە، هەندێک جاریش زۆر بە باشی دەزانێت بەکار دەهێنرێت بۆ ئامانجێکی نەشیاو، کەچی لای ئاساییە ئەمە دەبێتە جێی پرسیار؟ لەلایەکی ترەوە ئەکرێت بڵێین ئەمە رەوتی هەمیشەییەتی وە ڕاهاتووە بەم کردە نەرێنییە!

وێناکردنی ئەم دیاردانە بە ئاشکرا دیارن هەوڵدەدەن کاریگەری نەرێنی دروست بکەن، لە رێگەی تاک، گروپ وە حزبەوە. لەهەمووی نالەبارتر ئەوەیە بە داخەوە ئاراستە کردنی کۆمەڵگە وە تاکەکان بۆ گەیاندنی پەیامە نەرێنییەکان وە هەبوونی فکرەی پۆپۆلیستی، میدیاکان بەکاردەهێنرێن کە لە خزمەتی چاندنی ئەم تۆوی ناحەزی وە تێکچوونی کۆمەڵایەتییەوە بن. چونکە ڕیگایەکی خێرا وە گشتگیرە بۆ گەیاندنی پەیامەکان.

دەشێت ئاماژە بەوە بکەین تاکی کۆمەڵگە پێویستە هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە هەستیارە بکات، وا بیربکەینەوە کەسمان نەبینە هۆکار، بۆ تێکدانی ماڵی خۆمان، لە دواجار تەنها خۆمان زەرەرمەند دەبین. بەرپرسیارانە مامەلە کردن لە هەر هەلومەرجێک، رێگا خۆشکەرە بۆ ئەوەی بتوانین بەرەنگاری ئەم هەنگاوە قیزەونە ببینەوە.

پەروەردەی مەدەنی و بەرنامەکانی بەهێزکردن، لە ڕێگەی پەروەردە وە میدیاکانەوە دەتوانێت تاکەکان بەهێز بکات بۆ بەشداریکردنی مانادار لە داڕشتنی کۆمەڵگاکانیان و بەرزڕاگرتنی بەها نیشتمانی وە دیموکراتییەکان. بۆ ئەم مەبەستەش تێکەڵکردنی حوکمڕانی پتەو لەگەڵ هاوسۆزی ڕاستەقینە و بەشداریکردنی بابەتییانە زۆر گرنگن، بۆ تێپەڕین بەناو کاتە پڕ لە گێژاوەکاندا، چونکە ئەم سەروەرییە و دامەزراوەکانی کوردستان، لەسەر بنەمای (لەخۆبوردەیی، گیان بەخت کردن، قوربانیدان وە خۆڕاگری) بنیاتنراوە. لەسەر هەمووانیش پێویستە گیان لەسەر دەست پارێزگاری لێبکەن.