جەبار مەشهەدانی: هێزی بڕیاردان لە هەولێر هەیە

جەبار مەشهەدانی، شرۆڤەكاری سیاسی
جەبار مەشهەدانی، شرۆڤەكاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەكارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، ئەو هێزە بڕیارە سەربەخۆیەی کە لە هەولێر هەیە بەهایەکی زۆر گەورەی هەیە، هاوکات فشارێکی زۆر گەورەی نێودەوڵەتی لەسەر هەولێر هەیە.

جەبار مەشهەدانی، شرۆڤەكاری سیاسی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، پەرلەمانی عێراق بریتییە لە چێشتخانەیەکی سیاسی بۆ پڕۆسەی سیاسی عێراق لە دوای 2003ـەوە لەو چێشتخانەیەوە بڕیارە سیاسییەکان دەردەکرێن.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسیە، دەڵێت: لە ساڵی 2006 لە خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق سێ پێکهاتەی گەورە  و سەرەکی هەبوون، هاوپەیمانی کوردستانی، ئەو کات بڕیاربەدەستی کوردستانی بوو، هەروەها هاوپەیمانی شیعی و بەرەی تەوافقی سووننەکان هەبوون، ئەوەی لە دوای 20 ساڵ روویداوە ئەو هاوپەیمانە سیاسییانە بەردەوامبوونە لە لەتبوون، گرووپ و لایەنی دیکەی لێ بەرهەم هاتوون ئەمەش بڕیارەکەی لاواز کرد.

جەبار مەشهەدانی، ئاماژەی بەوەدا، ئەو هێزە بڕیارە سەربەخۆیەی کە لە هەولێر هەیە بەهایەکی زۆر گەورەی هەیە، هەروەها فشارێکی زۆر گەورەی نێودەوڵەتی لەسەر هەولێر هەیە، دەیانەوێت بڕیاری سیاسی هەولێر لاواز بکەن و دەیانەوێت بیکەن بە پاشکۆ و وەک شیعە و سووننە دوو لەت بن.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسیە، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق گوتی: عێراق تەواوی ئەو پارەیەی کە هەیەتی لەلای ئەمەریکایە بۆیە قسەکردن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە بڕیارێکی ئاراستەکراوە بۆ بەکاربردنی جەماوەر بەکاردێت.

جەبار مەشهەدانی، لەبارەی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەم حکومەتەی کە ئێستا پێکهاتووە زۆرینەیان شیعەکانن، هەروەها زۆرینەیان بریتین لە گرووپی چەکدار، نەدەبوو کورد و سووننە دەنگیان بەو حکومەتە بدابایە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسیە، سەبارەت بە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بە هیچ شێوەیەک کەسێک نابێتە سەرۆکی پەرلەمان ئەگەر رەزامەندی شیعەی لەسەر نەبێت، سووننەکان هیچ بڕیارێکیان بەدەست نییە، هەروەها هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق هەڵبژردنیان بە دەستی شیعەکانە.

گوتیشی: شیعەکان بە ئارەزووی خۆیان سەرۆکێک بۆ پەرلەمانی عێراق دیاریدەکەن، هەروەها رێککەوتنی سوونەکان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ هیچ بەهایەکی نییە.