35 کەس بە تۆمەتی تەقینەوەکانی شاری کرمانی ئێران دەستگیرکراون

دیمەنێکی دوای تەقینەوەکەی شاری کرمان
دیمەنێکی دوای تەقینەوەکەی شاری کرمان

K24 - هەولێر

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت،  35 کەس بە تۆمەتی تەقینەوەکانی شاری کرمانی ئێران دەستگیرکراون.

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا 35 کەس سەبارەت به تەقینەوەکانی مانگی رابردووی شاری کرمان دەستگیرکراون.

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاشکراشیکردووە، تۆمەتی هەندێک له دەستگیرکراوان "هاوکاری لەگەڵ داعش و تاوان دژی مرۆڤایەتییه."

وەکو ئەوەی لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، زۆربەی بەرپرسانی سەرەکیی تەقینەوەکانی کرمان و کەسانی پەیوەندیدار به دۆسیەکه ناسراونەتەوه و دەستگیرکراون.

له دو تەقینەوەی مانگی رابردووی شاری کرمانی ئێران له رێوڕەسمی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، نزیکەی 100 کەس کوژران و نزیکەی 300 کەسیش بریندار بوون.

رۆژێک دوای تەقینەوەکەکانی شاری کریمان، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی له هێرشەکه راگەیاند.