سکرتێری گشتی ناتۆ داوا لە ئەوروپا دەکات بەرهەمهێنانی چەک زیاد بکەن

K24 - هەولێر

سەرەڕای پەرەسەندنی نیگەرانییە ئەمنییەکان لە ئەوروپا بەهۆی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بەڵام بەپێی راپۆرتێک کە رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویکردووەتەوە، جموجۆڵەکانی نێوان ئەندامانی ئەوروپا لە ناتۆ بە خاوی ماونەتەوە.

نیویۆرک تایمز، ئاماژە بەوەدەکات، ئەڵمانیا لەم دواییانەدا کارگەیەکی دروستکردنی تەقەمەنی لە پێناو پڕکردنەوەی جبەخانەی وڵاتەکەی کردووەتەوە، بەڵام تا ماوەی ساڵێک بەرهەمهێنان دەست پێناکات، هەروەها ساڵانە 50 هەزار گوللـە بەرهەمدەهێنرێت.

لای خۆیەوە یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەلایەن میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاوکرایەوە، داوای لە ئەوروپا کردووە بەرهەمهێنانی چەک زیاد بکەن بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا و رێگریکردن لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی مۆسکۆ.

ستۆڵتنبێرگ بە رۆژنامەی فێڵت ئام تسۆنتاگی ئەڵمانی راگەیاند، "ئەمە بە واتای گۆڕینی کاتەکانی ئاشتی خاو بۆ بەرهەمهێنانی ململانێی خێرا دێت".

سکرتێری گشتی ناتۆ، لە پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە برۆکسل و دووهەمین ساڵیادی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا گوتی: پێویستە بنکەی پیشەسازیی خۆمان خێراتر دابڕێژینەوە و فراوانتر بکەین، ئەەمش بۆ زیادکردنی پێداویستییەکان بۆ ئۆکرانیا و پڕکردنەوەی پشکەکانمانە.

وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە 15ی شوبات لە برۆکسل کۆدەبنەوە، هەفتەیەک پێش دووهەمین ساڵڕۆژی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بە لێدوانەکانی هەندێک وڵاتی توڕەکرد، کە تێیدا رایگەیاند، "ئەو نایەوێت وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە هەر هێرشێکی داهاتووی رووسیا بپارێزێت ئەگەر بێت و خەرجی ساڵانە نەدەن".

ترامپ گوتیشی، سەرۆکی وڵاتێکی مەزن لە ناتۆ گوتی: باشە ئەگەر پارە نەدەین و رووسیا هێرشمان بکاتە سەر، ئایا دەمانپارێزیت؟، منیش گوتم: "نەخێر، ئەگەر پارە نەدەیت من ناتپارێزم، بەڵکو هانیان دەدەم ئەوەی دەیانەوێت بیکەن. تۆ دەبێت پارە بدەیت، دەبێت حەسابەکانت بدەیت".