خالید عەباس: رێژەی تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگای دهۆک لە سەدا 82ـی تێپەڕ کردووە

خالید عەباس
خالید عەباس

K24 - هەولێر

بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێژەی تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگای دهۆک لە 82% تێپەڕ کردووە، و تاوەکو 20ـی شوباتیش بەردەوام دەبێت.

خالید عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کورستان24ـی راگەیاند، نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە 1ـی شوبات دەستی پێکردووە و تاوەکو 20ـی شوبات بەردەوام دەبێت.

گوتیشی: رێژەی تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگای دهۆک لە 82% تێپەڕیوە، کە ئەوەش بەرزترین رێژەیە لەسەر ئاستی هەموو عێراقدا.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوە شتێکی نوێ نییە بۆ پارێزگای دهۆک، چونکە لە هەڵبژاردنەکانی رابردووشدا ئەگەر بەراووردی بکەین بەرزتری رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای دهۆک بووە، هەروەها پیشبینی دەکەین لەو ماوەیەی کە ماوە زیاتر لە 83% رێژەی تۆماری بایۆمەتری ئەنجام بدەین.

عەباس جەختیکردەوە، بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن نوێکردنی بایۆمەتری تاوەکو 20ـی شوبات بەردەوام دەبێت، رەنگە جارێکی دیکەش درێژ بکرێتەوە، بۆیە ئێستا بڕیارەکە لای ئەوانە، بەڵام ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاری دا، لەوانەیە جارێکی دیکە ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری درێژ نەکرێتەوە.

دەشڵێت: کۆمیسیۆن لایەنی جێبەجێکردنە نەوەک یاسادانان، بۆیە هەر هەڵبژاردنەک ئەنجام بدرێت یەکەمجار پێویستە پێداویستییەکانی کۆمیسیۆن دابین بکرێت، دواتر بودجە دەنێردرێتە سەر هەژماری کۆمیسیۆن، ئەوکاتیش کۆمیسیۆن لەحاڵەتی ئاساییدا پێویستی بەشەش مانگ هەیە بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردن.