ئەمەریکا: رێگریمان لە گەیشتنی بارێکی پڕ لە چەکی ئێران بۆ حووسییەکان کرد

لۆگۆی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم"
لۆگۆی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم"

K24 – هەولێر:

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" ئاشکرایکرد، 28ـی کانوونی دووەم لە دەریای عەرەبی دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە، کە چەک و تەقەمەنی ئێرانی تێدابووە و بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی حووسییەکانی یەمەن رۆشتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (15ـی شوباتی 2024) فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" رایگەیاند، 28ـی کانوونی دووەم لە دەریای عەرەبی دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە، کە زیاتر لە 200 پارچەی چەک و تەقەمەنی ئێرانی تێدابووە و بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی حووسییەکانی یەمەن رۆشتووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو چەک و تەقەمەنییانەی دەستیان بەسەردا گرتووە، پێکهاتوون لە پارچەی مووشەکی بالیستی مەودا مامناوەند، تەقەمەنی، پارچەی درۆن، سیستمی دژە تانک و ئامێری پەیوەندیکردن.

لای خۆیەوە مایکل ئێریک کورێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" گوتی: ئێران بەردەوامە لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ حووسییەکانی یەمەن، ئەوەش پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی ئەمەریکا پابەندن بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.